یادی چریکەی کوردستان لە بۆکان بەرز ڕاگیرا

15:40 - 6 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ٤٦مین ساڵڕۆژی یادوارەی هونەرمەندی گۆرانیبێژی کوردستان، مامۆستا حەسەن زیرەک، بە بەشداریی ژمارەیەک لە کەسایەتییە فەرهەنگییەکان و میوانەکان لە شاری بۆکان بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دامەزراوەی فەرهەنگی و هونەریی زیرەک، دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕ، لە پارکی زیرەک هەڵکەوتوو لە کێوی \"ناڵەشکێنە\" لە سەر مەزاری مامۆستا زیرەک، بە بەشداریی هونەرمەندان، شاعێران، نووسەران و هۆگرانی ناوبراو یادوارەیەک بۆ ئەو کەسایەتییە هونەرییەی بەڕێوە برد.

لەو یادوارەیەدا، میوانێکی زۆر لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور لە شارە جیاوازەکاندا بەشدار ببوون.

لە کۆڕیادی مامۆستا زیرەک، \"سووسەن حەسەنزادە\"، نووسەر و بەرپرسی دامەزراوەی فەرهەنگی و هونەریی زیرەک، وێڕای بەخێرهاتنی میوانان، باسی لە گەورەیی مامۆستا زیرەک کرد و هیوای خواست کە هەموو لایەک بتوانن بۆ بەرەوپێشخستنی فەرهەنگ و هونەری کوردستان هەنگاو هەڵبگرن.

حەسەنزادە باسی لەوە کرد، مەکتەبی ئەدەبیی \"دارکۆلیزم\" کە مەکتەبێکی ئاشتی و مرۆڤدۆستییە، لە هونەری مامۆستا زیرەکدا ڕەنگی داوەتەوە.
لەو ڕێوڕەسمەدا، مەهەندیس \"شۆڕش خالیدی\" باسی لەوە کرد، کە بەتەمان ناڵەشکێنەی بۆکان بکەنە شوێنێکی گەشتیاری.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، هونەرمەندانێکی دیکە وەک \"خالید حیسامی، ڕەسووڵ چووپانی، هەژار حەسەنزاده، سمکۆ یووسفی، مامۆستا نامۆ و سەیدزادە خاقان \"پۆڵا\" بە خوێندنەوەی شێعر و هەروەها دەنگخۆشەکانی وەک عەلی فرووتەن، ئەمیر بوخارایی و سەدیق شیرمحەممەدی ڕێوڕەسمەکەیان زیاتر ڕازاندەوە.

\"سووسەن حەسەنزادە\"، نووسەر و بەرپرسی دامەزراوەی فەرهەنگی و هونەریی زیرەک، لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی کوردپا باسی لەوە کرد: \"حەسەن زیرەک زمانناسێک بوو کە لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە\".

حەسەن زیرەک گۆرانیبێژی ناوداری کورد، ھونەرمەند و مۆسیقازانی سروشتی ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی، لە شاری بۆکان چاوی بە دنیا هەڵێناوە. ئەو یەکێکە لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد. بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ھونەری ئاواز و گۆرانی کوردییە کە بە دەنگی ئەو وتراوەتەوە.

زیرەک ٣٦٢١ گۆرانی هەیە، کە بەشی زۆری شێعری گۆرانییەکانی خۆی وتوویەتی، ناوبراو ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی، لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشیی جەرگ و گەدە بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیانی هونەری کرد.