گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی کۆڵبەرێکی سەقز، بێ‌ئاکام بوو

12:54 - 15 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری سەقز، بە هۆی سەرما و سۆڵە، کە لەگەڵ دوو کۆڵبەرێکی دیکە لەناوچە سنوورەییەکان دابڕابوو، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و هەوڵەکان بۆ پەیدا کردنی ئەو کۆڵبەرە، بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندان، پاش ڕاودوونانی ‌کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"سامان ساڵحی\" و \"محەممەد کەریمی\" خەڵکی شارەکانی بانە و سەقز، بە هۆی سەرمابردوویەوە، گیانیان لە دەستدا و لەو ڕووداوەشدا، کۆڵبەرێک بریندار بوو و هەروەها کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی \"عەباس قادرزادە\" به هۆی ئەم ڕووداوەوە بێسەروشوێن بووە.

پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵی گیان لە دەستدان، برینداربوونی و بێسەروشوێن بوونی ئەو چوار کۆڵبەرە کوردە، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی کۆڵبەری بێسەروشوین بوو، \"عەباس قادرزادە\" دەستی پێکرد و تەنانەت لەم ماوەیەدا، بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرە کوردە، داوایان لە هاووڵاتییان کردووە، یارمەتییان بدەن، لە هەر ئەگەرێکدا، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان.

\"\"هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ڕابردوو، تیمەکانی \"ئافرودها و مەلەوانانی\" شارەکانی سەقز، بانە و مەریوان، لە سەر داخوازی و بە هاناچوونی بنەماڵەی عەباس قادرزادە، دەستیان بە پشکنین و گەڕان بۆ ئەو کۆڵبەرە کوردە کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاند: ڕۆژی ڕابردوو، گرووپی ئافرودەکان و مەلەوانانی شارەکانی سەقز، بانە و مەریوان، دەستیان بە گەڕان و پشکنین لە بەنداوای عەباس‌ئاوا و شاخەکانی دەورووبەری گوندەکانی \"نەنۆڕ، کێلێ، سەرتەزین، شی‌لان\"، لە خالی سنووری ئێران و عێراق، کرد.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لەو گەڕان و پشکنینەدا، تەنیا سەرداوێ کە دەسکەوتووە، کراسێک لە بەنداوی عەباس‌ئاوا بووە و بە ئەگەری زۆرەوە، هی ئەو کۆڵبەرە سەقزیە بوو. بێ.

پاش یەک حەوتوو لە بێسەرشوێن بوونی عەباس قادرزادە، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و هەوڵەکانیش بۆ دۆزینەوەی ئەو کۆڵبەرە کوردە، بەردەوامە.