\"گەورەترین تاوانی ماندێلای کوردستان کوردبوونە\"

15:06 - 12 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران، دێرینەترین زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، لە مافی ئازادیی مەرجدار، کۆتاییی زیندانەکەی، گۆڕینی سزا و مەرەخەسیی جێژنانە بێبەش کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"عوسمان مستەفاپوور\" زیندانیی سیاسیی کورد، لە زیندانی ورمێ، لەسەر بڕیاری ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای ورمێ لە مافی وەک زیندانی بێبەرییە.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری و دۆسییەی عوسمان مستەفاپوور، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، لە بارەی ڕەوتی قەزاییی دۆسییەی مستەفاپوور باسی لەوە کرد: \"عوسمان مستەفاپوور، زیندانیی سیاسیی کورد ماوەی ٢٧ ساڵە کە تەنانەت یەک خولەکیش لە زیندانی ورمێ مەرەخەسیی پێ نەدراوە. کاتێک شانازیی ئەوەم پێ درا وکالەتی پەروەندەی عوسمان مستەفاپوور وەربگرم و لە زیندانی ناوەندیی ورمێ چاوم پێی کەوت، شکۆیەکم لە جەستەی ئەو تێکۆشەرەدا دیت. ڕدێنی سپی ببوو بەڵام هەروا لاو قیت و قۆز بوو، کاتێک قسەم لەگەڵی کرد شەرم دایگرتم کە بۆچی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە حەقی ئەو پیاوە گەوەردا زوڵمی کردووە. بەپێی ماددەکانی ١٣٣ و ١٣٤ی سزای ئیسلامی مافی نابراو لەبەرچاو نەگیراوە\".

\"\"حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری
ئەحمەدی‌نیاز باسی لەوە کرد: \"دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران بەپێی ماددەی ٣ی یاسای دادڕەسیی کەیفەریی دەڵێت: \"بنکە و ناوەندە دادوەرییەکان دەبێ بێلایەن و سەربەخۆ بە نیسبەت تۆمەتی وەپاڵدراو بە تاک دادوەری بکەن. دەبێ لە کەمترین ماوەدا بڕیار بدەن و لە هەر کارێک کە درێژه بە ڕەوتی دادگایی دەدات خۆ ببوێرن و پێشی پێ بگرن\". دەزگای قەزایی ئەسڵی بێلایەنیی پێشێل کردووە و لەژێر ڕکێفی دەزگا و ناوەندە ئەمنییەتییەکان بەتایبەت ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای ورمێ بڕیاریان داوە. لە لایەکی دیکەوە هەر بەپێی خودی یاسای حکوومەتی ئێران دەبێ هەڵاواردن نەبێت، بەڵام لە لاپەڕە بە لاپەڕەی پەروەندەی ناوبراو هەڵاواردن دیارە و و کوردبوون گەورەترین تاوانی عوسمان مستەفاپووره\".

ئەو پارێزەرە وتیشی: \"بەپێی یاسای ٣٤ی بنەڕەتیی ئێران، دادویستی مافی بێ ئەملاوئەملای هەر کەسێکە و تاک دەتوانێت بۆ وەرگرتنی مافی خۆی لە دادگاکان بەدواداچوونی کارەکانی بکات. هەموو کەسێک ئەو مافەی هەیە دەستی بەو دادگانە بگات و ناکرێت هیچ کەس لەو مافە بێبەری بکرێت\".
ئەو مافه بۆ عوسمان مستەفاپوور لەبەرچاو نەگیراوە.\"

ئەو پارێزەرە کوردە باسی لەوەش کرد: \"هیچ کات دادگاییەکی عادڵانە و دادپەروەرانە لەگەڵ عوسمان مستەفاپوور ئەنجام نەدراوە و لە ماوەی ئەو ٢٧ ساڵەدا یەک خولەکیش مەرەخەسی پێ نەدراوە.\"

ناوبراو لەو وتووێژەدا باسی لەوە کردووە: \'\'سەرجەم کردەوەکانی حکوومەتی ئێران لە بەرانبەر عوسمان مستەفاپووردا کارێکی زاڵمانەیە و هەموو یاساکانی خۆیان پێشێل کردووە. دەزگای قەزاییی ئێران لێوانلێوە لە بێعەداڵەتی و زوڵم و ستەم\".

ئەحمەدی‌نیاز لە بەشێکی وتووێژەکەیدا وتوویەتی: \"کاتێک سەدان بەرگ کتێبی یاسا و ماف لە کتێبخانەکاندا دەبیبنم، شەرمساری کاک عوسمان مستەفاپوورم؛ چونکە کتێبی یاسا و زانستی ماف نەیتوانیوە یارمەتی به ناوبراو بکات\".

ماوەیەک پێش لقی سێی دادگای ئینقلابی ورمێ داواکاریی ناوبراو بۆ ئازادیی مەرجدار ڕەت کردەوە.

عوسمان مستەفاپوور مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی، لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ دەسبەسەر کرا و بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بە ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا. ئەو حوکمە ساڵی ٩٢ لە لایەن قازی \"چابۆک\" لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بۆ ٣٥ ساڵ گۆڕدرا.

*دەقی ئەم وتووێژە لە بەشی فارسی ئاژانسی کوردپا دانراوه*