گەشتێکی وێنەگری لە مەریواندا بەڕێوەچوو

15:23 - 19 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی فەرهەنگی- هونەریی \"ڤەژین\"، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان، گەشتێکی بۆ وێنەگرانی ڕێکخست.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ١٨ی گەلاوێژ، کۆمیتەی وێنەگرانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- هونەریی \"ڤەژین\"، گەشتێکی وێنەگریی لە گوندی \"باخانـ\"ـی شاری مەریوان، بەڕێوەبرد.

ئەم گەشتە وێنەگرییە بە بەشداریی زۆرێک لە هۆگرانی وێنەگری، بە سەرپەرەستیی \"سەلاح عیلمیزادە\"، وێنەگری ناسراوی مەریوان، بەڕێوەچوو و هۆگرانی وێنەگری بە شێوەی کردەیی لەگەڵ تێکنیکەکانی وێنەگری ئاشنا بوون.

یەکێک لە بەشداربووانی ئەو گەشتە وێنەگرییە ڕایگەیاند: \"بەڕێوەچوونی وانەکانی فێرکردنی ئەنجومەنی فەرهەنگی- هونەریی \"ڤەژین\"، بە تایبەتی وانەکانی وێنەگریی سەلاح عیلمیزادە، لەگەڵ پێشوازیی گەرمی هۆگرانی ڕووبەڕوویە\".

\"سەلاح عیلمیزادە\"، بەڕێوەبەری ئەم گەشتە وێنەگرییە، پێکهاتەی مێعماری، هەڵسوکەوت و دابونەریت و ڕێسا تایبەتییەکانی ئەو گوندەی، لە هۆکارەکانی هەڵبژاردنی گوندی باخانی مەریوانی بۆ وێنەگری، ناو برد.

ئەو وینەگرە ناسراوە مەریوانییە، پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە هەوڵی دروستکردنی بەستێنێکن کە تەنیا وانەکانی بارهێنانی \"ڤەژین\" تایبەت بە هاوینان نەبێت و لە وەرزەکانی دیکەدا، ئەم جۆرە وانانە بەڕێوە ببەن.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ئەنجومەنی فەرهەنگی- هونەریی \"ڤەژین\" لە شاری مەریوان بە بەڕێوەبردنی پێشانگە، فێستیڤاڵ و سێمیناری فەرهەنگی و هونەری، بەتایبەتی زمان و وێژەی کوردی کردووە کە لەگەڵ پێشوازیی هاووڵاتییانی ئەو شارە بەڕەوڕوو بووەتەوە.