گیانی نەخۆشە دەمارییەكانی سنە لە مەترسی دایە

13:09 - 12 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: بەهۆی خراپ بوون و لەكار كەوتنی دەزگای \"سیتی ئێسكەن\"ی بەشی مێشك و دەماری نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە، نەخۆشەكانی ئەو بەشە تووشی گرفت بوون و بەپرسانی پێوەندیداریش كەمتەرخەمن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بەهۆی بێ‌ ئیمكاناتی و پێڕانەگەیشتنی بەرپرسانی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە، دەزگای سیتی ئێسكەنی بەشی مێشك و دەماری ئەو نەخۆشخانە 10 رۆژە خراپ بووە و ئەمەش گرفت و ئاستەنگی زۆری بۆ ئەو نەخۆشانە ساز كردووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو نەخۆشخانەی تەوحیدی سنەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند، لەبەر ئەوەی دەزگا سیتی ئێسكەنی ئەو نەخۆشخانەیە سپێردراوەتە كەرتی تایبەت و بەهۆی نەدانی پارە و وەدواكەوتنی، نەخۆشخانەش ئامادە نیە ئەو دەزگایە چاك بكاتەوە و بەم چشنە گیانی نەخۆشە دەمارییەكانی سنە رووبەڕووی مەترسی بۆتەوە.

\"5913.jpg\"
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش داوە بەهۆی خراپ بوونی ئەو دەزگایە بە ناچاری نەخۆشە مێشكییەكان بە دوو ئامبۆلانس كە تایبەت بە گواستنەوەی مردووەكانە دەگوازنەوە بۆ نەخۆشانەی \"بێعسەت\" و لەبەر ئەوەی كە تەنیا ئەو نەخۆخشانەیەش ئەو جۆرە نەخۆشانە وەردەگرێت، قەرەباڵغییەكی زۆر ساز بووە.
ئەو كەسانەش كە تووشی خوێنبەر بوونی مێشكی دەبن و پێویستیان بە پێڕاگەیشتن و دەرمانی خێرا هەیە، دەبێ‌ لە نۆرەدا راوەستن كە ئەمەش رووبەڕووی مەترسییەكان دەكاتەوە.

هاووڵاتییەكی خەڵكی سنە بە هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاندووە، دایكی خۆی كە یەك لەو كەسانەیە كە نەخۆشیی مێشك و دەماری هەیە، بەهۆی دێر گواستنەوەوەی بۆ نەخۆشخانەی بێسعەت، ئیفلیج بووە و وتیشی: هۆكارەكەشی كەمتەرخەمی و پێڕانەگەیشتنی لێپرسراوانی نەخۆشخانەی تەوحیدە بەرامبەر بە كارەكەیان كە مەترسیی بۆ سەر گیانی ئەو جۆرە نەخۆشانە ساز كردووە.

ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەش داوە، كە شەربەت و كەپسوولی \"فێنی تۆئین\" كە دەرمانی تایبەت بە نەخۆشە میشكییەكانە پەیدا نابێت و بەرپرسانی نەخۆشخانەش رایانگەیاندووە، بەهۆی گەمارۆكانەوە دەست ناكەوێت و بەشی مێشك و دەماریش لە دابین كردنی ئەو دەرمانە خۆ دەبوێرن و ئەمەش یەكێكی تر لەو مەترسییانەیە كە رووبەڕووی گیانی نەخۆشە دەمارییەكانی سنە بۆتەوە.