گیان لە دەستدانی کۆڵبەرێکی دیکەی کورد به هۆی ڕەق‌بردوویی

17:05 - 21 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی پیرانشار لە بەرزاییەکانی سنووری ئەو شارە به هۆی سەرمابردوویی گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"زانیار عەزیززادە\" کوڕی سلێمان خەڵکی پیرانشار لە کاتی کۆڵبەریدا بە هۆی سەرمابردوویی گیانی لە دەست دا.

\"\"ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی ڕووی لە ناوچە سنوورییەکان کردبوو کە به هۆی سەرمابردوویی لە بەرزاییەکانی \"ئالانە\" گیانی لە دەست دەدات.

تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ نەخۆشخانەی پیرانشار ڕاگوێزراوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

لەم پێوەندییەشدا، شەوی هەینی ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"موزەفەر حوسێنی\" تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی عەلی خەڵکی گوندی گسیان سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ لە کاتی کۆڵبەریدا بە هۆی سەرمابردوویی گیانی لە دەست دا.

ساڵی ڕابردووش ٥ کۆڵبەری کورد بە هۆی سەرماوسۆڵە و ڕنوو لە شارەکانی ورمێ، شنۆ و پیرانشار گیانیان لە دەست دا.