گۆرانی‌بێژێکی کورد لە شاری ورمێ بە دوو ساڵ زیندانی مەحکووم کرا

15:19 - 16 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، حوکمی دوو ساڵ زیندانی بە سەر گۆرانی‌بێژێکی کورد، داسەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕەشەممە، حوکمی دوو ساڵ زیندانی تەعزیری بە پەیمان میرزازادە گۆرانی‌بێژی کورد، لە گرتووخانەی ورمێ، ڕاگەیەندرا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو گۆرانی‌بێژە کوردە بە هەواڵنێری کوردپا رایگەیاند: ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەشەممە، پەیمان میرزازادە، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر چابوک دادگایی کرا و بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم گۆرانی‌بێژە کوردە، هەنووکە لە گرتووخانەی ناوەندی شاری ورمێ دایە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕەشەممە، گۆرانی‌بێژێکی کورد بە ناوی \"پەیمان میرزازادە\" کوڕی نوردەین خەڵکی گوندی \"گەنگەچین\"ی ناوچەی سۆمای برادۆستی ورمێ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو گۆرانی‌بێژە کوردە بە تۆمەتی \"خوێندنی سرودی حیماسی و شۆڕشگێری کوردی\" دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەشەممە ئەم گۆرانی‌بێژە کوردە، پاش لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندی شاری ورمێ راگوێزراوە.

ئەو گۆرانێ‌بێژە کوردە، ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، بە تۆمەتی \"خوێندنی سرود حیماسی و شۆڕشگێری کوردی\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لە حەوتووی دووهەمی بەفرانباری هەمان ساڵ لە لایەن لقی سێ دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بەبێ گرتنی پارێزەر بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.