گورگ، بوو بە هۆی مردنی منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵ

16:24 - 27 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی هێرشی گورگ بۆ سەر منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری بیجاری سەر بە پارێزگای سنە، منداڵێک گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی جۆزەردان، لە ئەنجامی هێرشی گورگێک بۆ سەر منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ لە گوندی \"زەینەڵ\"، سەر بە شاری بیجار، ئەو منداڵە گیانی لەدەست دا.

بەڕێوەبەریی ئیدارەی پاراستنی ژینگەپارێزیی شاری بیجاڕ ڕایگەیاند: \"ئەو گورگە لە پێش ماڵی باوکی ئەو منداڵە چوار ساڵەیە هێرشی کردووەتە سەری و پاش دیتنەوەی شوێنی پێی گورگەکە و گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی کچە، لە چەند کیلۆمیتریی ئەو گوندەدا، تەرمی بێگیانی منداڵەکە دۆزرایەوە.\"

\"عەلی ئەسغەر هیدایەتزادە\" هەروەها ڕایگەیاند کە لەسەر بڕیاری ئەو ناوەندە حکوومەتییە، بۆ لەداوخستنی ئەو ئاژەڵە، ڕاوچییەکان و هاووڵاتییان ئاگادار کراونەتەوە.

شوناسی ئەو منداڵە چوار ساڵەیە هەتا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە.

گوندی \"زەینەڵ\"، سەر بە بەخشی \"چەنگ ئەڵماسـ\"ـی شاری بیجاڕ، بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٨٥ی هەتاوی، ٩١٥ کەس بوون و ئەو گوندە لە ١٧٢ بنەماڵە پێکهاتووە.