گواستنەوەی چەکوچۆڵی قورس و جێگیرکردنی هێزە حکوومەتییەکان لە شاری سەردەشتدا

15:45 - 14 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران، هێزەکانی خۆی لەگەڵ چەکوچۆڵی قورسەوە، لە سنوورەکانی شاری سەردەشتدا جێگیر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سپای پاسداران، لە هەوڵێکدا، هێزەکانی خۆی لە شارەکانی \"ئەردەبێڵ\" و \"سەڵماس\"، ڕەوانەی سنوورەکانی شاری سەردەشت کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هێزانە بە چەکی قورسی وەک تۆپ و کاتیوشا، لە دەشتی \"وەزنێ و جاسووسان\"دا، جێگیر کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"سپای پاسداران تۆپخانەکانی خۆی لە نزیک پادگانی سەردەشتدا جێگیر کردووە کە لە ئەگەری هەر جۆرە شەڕ و پێکدادانی چەکداریدا، لەو چەکوچۆڵە قورسانە کەڵک وەربگرێت.\"

ماوەیەکی پێش، هێزەکانی سپای پاسداران، لە سنوورەکانی شاری سەردەشتدا، دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی پایگا کۆنەکانیان کردبوو.