گواستنەوەی چەکوچۆڵ لە شاری نەغەدە بۆ شنۆ

15:07 - 4 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران چەکوچۆڵی قورسی لە شاری نەغەدە بۆ شاری شنۆ گواستەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٣ی پووشپەڕ، چەکوچۆڵی قورس لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە شاری نەغەدە بۆ شاری شنۆ ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتی گواستنەوەی چەکوچۆڵی قورس بۆ شاری شنۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سپای پاسداران بە سەر ئاسمانی شاری شنۆ و ناوچە سنوورییەکانی ئەو شارەدا، سووڕاوەتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، \"ئیسماعیل خەلیلزادە\"، جێگری عەمەلیاتی قەراگای حەمزە، ڕۆژی دووشەممە، ٣ی پووشپەڕ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی سەر بە سپای پاسداران، وێرای هەڕەشەکردن لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند: \"ئەگەر هێزە دژبەرەکانی شۆڕش لە خاڵە سنوورییەکانی ئێمە کە هێڵی سووری قەرارگای حەمزە و سپای پاسدارانە، بیانهەوێت بۆ نائەمنکردنی ئێران بێنە نێو خاکەوە، لەگەڵ دژکردەوەی توندی هێزەکانی قەراگای حەمزە بەرەوڕوو دەبنەوە\".

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی جۆزەردان، سپای پاسداران جارێکی دیکە چەکوچۆڵی قورسی لە سنووری شاری پیرانشاردا جێگیر کرد.