گواستنەوەی زیندانییەکی کورد بۆ زیندانی ورمێ

16:20 - 28 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"جەعفەر پەکەند\"، تەمەن ٥٠ ساڵ، کوڕی محەممەد ساڵح، خەڵکی شاری بۆکان، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.

\"جەعفەر پەکەند\"، ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی پووشپەڕ، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر و هەتا ئێستا ناوبراو لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەرییە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی پووشپەڕ، \"ئومید ئیبراهیمزادە\" لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، چاوی بە بنەماڵەکەی کەوت.

\"ئومید ئیبراهیمزادە\"، لەگەڵ پێنج هاووڵاتیی دیکەی کورد، بە ناوەکانی \"سوهراب قادرزادە، هێمن ئیسماعیلی، شێرکۆ عەباس تاهیر، خالید کاولانی و سەلیم شێخەنژاد\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی مەهابادەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ ڕاگوێزرابوون.

ئەم شەش هاووڵاتییە کوردە، لە ماوەی ڕۆژانی شەممە هەتا پێنجشەممە، ١٥ هەتا ٢٠ی پووشپەڕ، بەبێ بەڵگەی یاسایی، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.