گواستنەوە هاووڵاتییەکی دەسبەسەر کراوی کورد بۆ زیندانی سنە

16:29 - 26 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەقز، ڕەوانە زیندانی ناوەندی شاری سنە، کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"یاسین کەنعانی\" خەڵکی شاری سەقز، پاش دوومانگ دەسبەسەری ڕەوانەی زیندانی ناوەندی شاری سنە، کرا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، وێرای پشتراست کردەنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ناوبراو پاش گوازتنەوەی بۆ زیندانی ناوەندی شاری سنە، لە چاوەروانی دادگایی کردنەکەی دایە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵیت: دادگا بۆ ئازاد کردنی کاتی \"ئاسۆ ڕەمەزان‌زادە\" کە لە گەڵ یاسین کەنعانی دەسبەسەر کرابوو، داوای بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، کردووە.

یاسین کەنعانی کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، لە کاتی گەڕانەوە لە شاری تاران بۆ شاری سەقز، لەگەڵ \"ئاسو ڕەمەزان‌زادە\" بە تۆمەتی \"لایەنگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار، ڕاگوێزرا.

یاسین کەنعانی، ساڵی ٩٥ی هەتاوی، بە تۆمەتی \"لایەنگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر و پاش ٤٠ ڕۆژ لێپریسنەوە، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، دواتر لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بەو حوکمە، حوکمەکەی بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە.