گرووپی "یارانکۆی خۆشەویستـ"ـی مەریوان و هەورامان، سەردانی "محەممەد باختر"یان کرد

10:12 - 3 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: گرووپی "یارانکۆی خۆشەویستی" لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیدا، بۆ ڕێزگرتن لە کەسایەتییە ناودار و مرۆڤدۆستەکان، سەردانی "محەممەد باختر"یان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، ڕێکەوتی ٢ی ڕەزبەر، گرووپی یارانکۆی خۆشەویستی سەردانی ماڵی لاوێکی کورد بە ناوی "محەممەد باختەر" خەڵکی مەریوانیان کرد کە بۆ ڕزگارکردنی سەگێک، لاقێکی خۆی لەدەست دابوو.

"محەممەد باختەر"،  لە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ساڵی ٩٥دا، لە پادگانی سەربازیی "عەجەب شێر"، لە کاتی ڕزگارکردنی سەگێک کە لە تێلدڕوو (سیم خاردار) گیری کردبوو، مین پێیدا تەقییەوە.

گرووپی یارانکۆی خۆشەویستی بۆ ڕێزگرتن لەو هەڵویستە مرۆڤدۆستانە و جوانمێرانە، سەردانی ماڵی ناوبراویان کرد و بەگەرمی لە لایەن بنەماڵەی محەممەد باختەرەوە پێشوازییان لێکرا.

ئەم سەردانە بە باسکردن لەسەر چۆنێتیی ڕوداوەکە لە لایەن خودی محەممەد باختەرەوە و خوێندنەوەی چەندین وتار و شێعر و پێشکەشکردنی پارچە مۆسیقا لە لایەن ئەندامانی یارانکۆی خۆشەویستییەوە، بەڕێوەچوو.

"باختەر" ئاماژەی بەوە کرد کە تاکوو ئێستا لە لایەن کاربەدەستانەوە هیچ کارێکی بۆ نەکراوە و پەروەندەی کەمئەندامییەتییەکەی هەر لە ئیدارەکاندا بێ سەرئەنجام ماوەتەوە.

لە کۆتاییدا تەندیسی ڕێزلێنانیش لە لایەن گرووپی یارانکۆی خۆشەویستی، پێشكەش بە محەممەد باختر کرا.