گاردی تایبەتی زیندانی سەقز، هێرشی کردە سەر زیندانییانی ناڕازی

10:58 - 16 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: ژمارەیک لە زیندانییانی شاری سەقز، بەهۆی گواستنەوەی زینداییەک و هەروەها مورەخەسی پێنەدان بە زیندانییانی دیکە، ناڕەزیەتییان دەربڕی و گاردی زیندانیش هێرشی کردە سەریان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی ڕەزبەر، بەهۆی گواستنەوەی زیندانییەکی سەقزی بە ناوی "سامان ڕەحمانی" بۆ زیندانی شاری کامیاران، زیندانییان ناڕەزایەتییان دەربڕی و ئەمە بوو بەهۆی هێرشی گاردی زیندان بۆ سەریان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "مەئموورانی زیندانی شاری سەقز، بە زۆرەملێ دەیانهەویست سامان ڕەحمانی  لەگەڵ دۆسیەکەی، ڕەوانەی زیندانی شاری کامیاران بکەن و زیندانییانیش ناڕەزایەتییان دەربڕی".

 بە وتەی ئەم سەرچاوەیە: "بەندی ٧٠ کەسیی زیندانی شاری سەقز، لەسەر بڕیاری دادستانی سەقز، نزیکەی ١٣٠ کەسی تێدا ڕاگیراوە و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی زیندانییان و هێرشی گاردی زیندان بۆ سەریان".

سەرچاوەی کوردپا لە شاری سەقز ڕایگەیاند: "زۆربەی زیندانییانی تاوانە ئاساییەکان، زیاتر لە یەک ساڵە مورەخەسییان پێ نەدراوە و زیندانییانی دیکە لە کاتی گواستنەوەی سامان ڕەحمانی بۆ زیندانی شاری کامیاران، لەم هەلە کەڵکیان وەرگرتووە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە."