کەمئەندامبوونی هاووڵاتییەک لە سەردەشت بە تەقینەوەی مین

15:41 - 22 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکان، بوو بە هۆی کەمئەندامبوونی هاووڵاتییەکی سەردەشتی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"شێرکۆ\" کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی \"گلە سپی\" سەر بە شاری سەردەشت بە تەقینەوەی مین بریندار بوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە، شایانی باسە کە لەو ڕووداوەدا قامکەکانی دەستی ئەوهاووڵاتییە بە تەقینەوەی ئەو مینە، قرتاون.

ئەو ڕووداوە لە ناوچەی \"گرویس\"ی شاری سەردەشت ڕوویداوە.

شاری سەردەشت بە حەشیمەتی ١١١ هەزار کەس لە باشووری پارێزگای ورمێ و هاوسنوور لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵکەوتووە و لە کاتی شەڕی ٨ ساڵەدا یەکێک لە ناوچە جەنگییەکان بووە.

بەپێی زانیارییەکان، ٦ میلیۆن هێکتار لە زەوییەکانی ئێران ئالوودەی مینە و بە پێی ئامارەکان، زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە سەرتاسەری ئێران بوونی هەیە، کە لەو نێوانەدا پاریزگاکانی، ئیلام، کوردستان، کرماشان و ورمێ بە هۆی ئەمنیەتیی بوون و هەروەها سنووری بوونی ئەو ناوچانە، زۆرترین مینە چێنراوەکانی تێدایە.