کەمپەینی \"زاگرۆسانە\" لە شارەکانی کوردستان پەرە دەستێنێ

15:36 - 3 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: خەڵکی کوردستان، بە چوونە ڕیزی کەمپەینی \"زاگرۆسانە\" (نیشتمان بە باڵای زاگرۆسەوە جوانە)\"، دەستیان بە چاندنی بەڕوو لە سروشتی کوردستان کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژینگەدۆستان و هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان، بە چاندنی بەڕوو لە سروشتی کوردستان چوونە ڕیزی کەمپەینی \"زاگرۆسانە (نیشتمان بە باڵای زاگرۆسەوە جوانە)\".

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت، باس لە چالاکیی ژینگەپارێزی بە چاندنی بەڕوو لە شارەکانی \"کامیاران، مووچش، داڵاهۆ، سەقز، سنە و سەلاسی باوەجانی و سەقز\"، لە لایەن چالاکان و ژینگەپارێزانی کوردستانیان کرد.

\"\"کەمپەینی \"\"زاگرۆسانە (نیشتمان بە باڵای زاگرۆسەوە جوانە)\"، بە بەشداریی ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی دانیشتووی زاگرۆس بە دروشمی \" نیشتمان بە باڵای زاگرۆسەوە جوانە\"، لە ڕۆژی هەینی ٢ی سەرماوەز، چالاکییەکانی خۆی دەستی پێ کردووە و هەتا ٦ی سەرماوەز درێژەی هەیە.

کەمپەینی \"زاگرۆسانە (چاندنی بەڕووی زاگرۆس)\"، بە ئامانجی جێگیرکردنی فەرهەنگی پاراستنی دارستانەکانی زاگرۆس لە نێو خەڵکدا بوونی خۆی ڕاگەیاند.

قادر ڕەحمانزادە، چالاکی ژینگەپارێزی، لەم بارەوە وتوویەتی: \"بەداخەوە بەپێی ئاماری لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، دەبێت بگوترێ لانیکەم هەتا ئێستا هیچ ئیرادەیەک لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە، بۆ پێشگرتن لە فەوتانی ئەم سامانە نەتەوەیییە بەرچاو ناکەوێت\".

ئاگر یەکێک لە مەترسیدارترین دوژمنەکانی دارستانەکان بە ئەژمار دێ، ئاگرکەوتنەوەیەکی چووکە دەتوانێت خەسارەتێکی بەرچاو بە دارستانەکان بگەیەنێ کە بە شێوەیەک دەکرێت تەنانەت ببێتە هۆی لەنێوچوونی یەکجاریی ژینگەی دارستانەکان.