کەمتەرخەمیی پزیشکی منداڵبوون، گیان لەدەست دانی منداڵێکی لێکەوتەوە

21:56 - 3 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی دووگیانی خەڵکی شاری سنە بەهۆی زێدەخوازی و کەمتەرخەمیی پزیشکی تایبەتی لە نەخۆشخانەی شاری سنە، منداڵەکەی لە نێو سکیدا بووە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢ی بانەمەڕ ژنێکی دووگیان بەناوی \"ش. و\" بەهۆی زێدەخوازی و کەمتەرخەمیی پزیشکی تایبەتی منداڵبوونی نەخۆشخانەی \"بێعسەت\"ی شاری سنە، منداڵەکەی لەنێو سکیدا گیانی لەدەست دا.

ئەو ژنە دووگیانە، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوە بەهۆی هەست بەئازار کردن و هەروەها نزیکبوونەوە لەکاتی منداڵبوونەکەی، سەردانی نەخۆشخانەی \"بێعسەت\"ی شاری سنەی کردبوو، بەڵام رۆژی دووشەممە پاش ٥ رۆژ زانیبووی کە منداڵەکەی لە نێو زگیدا مردووە و پزیشکی ئەو نەخۆشخانەیە کەمتەرخەمییان نواندووە.

هەروەها ئەو ژنە لە کاتێکدا رۆژی ٢ی بانەمەڕ سەردانی نەخۆشخانەی \"بێعسەت\"ی کردبوو، پزیشکی تایبەتیی منداڵبوونی ئەو نەخۆشخانەیە بەناوی خاتوو \"س . ش\" لەو نەخۆشخانەیە نەبووە و ئەو پزیشکە رایگەیاندووە کە تەنیا لە مەتەبی شەخسیی خۆی و لە بەرامبەر ٢ میلیۆن ٢٠٠ هەزار تمەندا، نەشتەرگەری بۆ نەخۆشەکان دەکات.

ئەوەش لە کاتێک دایە کە بارودۆخی ئەو ژنە مەترسیدار راگەیەندراوە و پزیشکی تایبەتیی منداڵبوونی نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە هیچ ئاوڕێکی لەم مەسەلەیە نەداوەتەوە.