٨ کەسی دیکە لە شاری پاوە دەستبەسەر کران

20:30 - 21 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کۆمەڵێکی دیکە لە هاووڵاتییانی شاری \"پاوە\"یان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگواستووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ ٨ هاووڵاتیی کورد کە شوناسی کەسێکیان بەناوی \"گۆران بەهرامی\" ئاشکرا بووە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە کە ئەو هاووڵاتییانە بۆ زیندانی \"دیزڵ ئاباد\"ی شاری کرماشان راگوێزراون.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو کەسانە و هەروەها شوناسی ئەو ٧ کەسەی دیکە نەزانراوە.

بەهۆی ئەمنیەتی بوونی دۆخی شاری پاوە و هەڕەشەی هێزە ئەمنیەکان لە بنەماڵەی ئەو گیراوانە، دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیان بەشێوەی پێویست دەنگدانەوەی میدیایی نابێت.

لەماوەی ٢ حەفتەی رابردوودا زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتیی کورد لە شاری پاوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.