٨ کەس لە هێزەکانی هەنگی سنووری لە سنووری چاڵدێران کوژران

19:29 - 13 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ٨ کەس لە هێزەکانی هەنگی سنووریی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شەڕ و پێکدادانێکدا لە سنووری چاڵدێران سەر بە پارێزگای ورمێ کوژران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ١٢ی خەزەڵوەر، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سنوورپارێزی \"ناجا\" و گرووپێکی نەناس لە ناوچەی سنووریی چاڵدێران هاتە ئاراوە.

عەلیڕەزا ڕادفەر جێگری سیاسی، ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتی پارێزگای ورمێ سەرەڕای تەئیدی ئەو هەواڵە، بە هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی ڕاگەیاندووە کە ٨ کەس لە هێزەکانی هەنگی سنووری لە سنووری چاڵدێران کوژراون.

ڕادفەر باسی لەوە کردووە کە لەگەڵ گرووپێکی تێرۆریستی شەڕ ڕووی داوە، بەڵام تا ئێستا هیچ حیزب و لایەنێک بەرپرسیارەتی ئەو شەڕەیان وەئەستۆ نەگرتووە.

هەروەها هەندێک سەرچاوەی هەواڵدەریی ڕایانگەیاندووە کە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سنوورپارێز لە ورمێ ڕووی داوە بەڵام تا ئێستا وردەکارییەکانی ئەو شەڕە بڵاو نەبووەتەوە.

هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی شوناسی ئەو کوژراوانەیان بەم چەشنە ڕاگەیاندووە:

ـ ئۆستوار دووهەم حەمید حاجی زادە کوڕی مەنووچێهر (خۆی)
ـ ئۆستوار یەکەم مەحبووب نووری ئەسل کوڕی عەلی (خۆی)
ـ ئۆستوار دووهەم مەهدی حوسێن زادە کوڕی عەزیز (پۆلدەشت)
ـ مەهدی کۆلسەر کوڕی حەکیم (گۆمیشانی پارێزگای گوڵستان)
ـ ئەمیر قوربانی کوڕی سۆهراب (میانه)
ـ محەممەد حوسێن زاده کوڕی سوحبەتوڵڵا (گەوهەر دەشت)
ـ سەعید قولابی کوڕی تەوحید (بناو)
ـ عەباس قادری کوڕی فەتحوڵڵا (بناو)