کەرەستە و تەقەمەنی دروستکرا، لە بۆکان قوربانی لێکەوتەوە

15:35 - 17 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری چوارشەممە سووری و بە هۆی کەرەستە و تەقەمەنی دروستکراو، لە شاری بۆکان، هاووڵاتییەک کوژرا و چوارکەسی دیکە بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتە بڵاو کراوەکان، ڕۆژی ڕابردوو، بە هۆی کەرەستەی چێ‌کراوی تەقەمەنی لە شاری بۆکان لە ماڵێکدا، هاووڵاتییەک گیانی لە دەستدا و چوار کەسی دیکە بریندار بوون.

بەرپرسی ناوەندە فەورییەتییەکانی پزیشکی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند: بە هۆی ئاگادارنەبوونی ئەو بنەماڵەیە لە بوونی کەرەستەی تەقەمەنی لەو ماڵەدا، ئەو تەقەمەنییە چێ‌کراوە تەقیەوە و بوو بە هۆی ڕووخانی ئەو ماڵە.

بە وتەی باقر بەهرامی، لەو ڕووداوەدا، کەسێک گیانی لە دەستدا و چوار کەسی دیکە بریندار بوون.

لەو پەیوەندییەدا، حەوتووی ڕابردوو، لاوێکی تەمەن ١٥ ساڵ خەڵکی شاری ورمێ، لە کاتی یاری کردن بە کەرەستە تەقەمەنییە چێ کراوەکان چەند قامکێکی لە دەست دا.

ئەو ڕووداوە لە دوکانێکی \"توتون فروشی\" لە فەلکەکەی کوشتارگای شاری ورمێ ڕوویدا و بوو بە هۆی لە دەستدانی چەند قامکێکی ئەو مێرمنداڵە.