کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ‌هێزە نیزامییەکان بریندار کرا

13:07 - 1 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری شاری نەوسوود، بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٩٧، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"جەبار مەحموودی\" تەمەن ٢٦ ساڵ بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە نیزامییەکان لە سنووری شاری نەوسوود بریندار کرا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، پاش ئەم ڕووداوە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕەشەممە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"عارف ئەداک\" تەمەن ٤٥ ساڵ خەڵکی گوندی \"ژیوار\" لە ناوچەی هەورامان بە هۆی جەڵتەی دڵ، گیانی لە دەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە کاتی کۆڵبەری و لە مەودای نێوان سنووری تەوێڵە و نەوسوود، تووشی جەڵتەی دڵ بووە، ناوبراو بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی لە ڕێگای کۆڵبەریەوە، ڕووی لە ناوچە سنوورییەکان کردووە.