کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری سەردەشتدا پێکرا

12:09 - 26 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری شاری سەردەشت، کەوتە بۆسەی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئاکامی تەقەی ئەو هێزانە، بەسەختی بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی خەرمانان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری شاری سەردەشتدا، کەوتنە بۆسەی هێزی سپای پاسداران و لە ئاکامی تەقەی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "مەحیەدین مام خدری"، بەسەختی بریندار کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە تەقەی لێکراوە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری سەردەشت کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی خەرمانان، کاسبکارێکی کورد بە ناوی "ئیدریس ڕەحیمی"، کوڕی "محەممەد"، خەڵکی گوندی "گردەشەیتانـ"ـی شاری پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، گیانی لەدەست دا.