کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە بەرزاییەکانی کێلەشین کوژرا

22:07 - 14 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی مەڕگەوەری ورمێ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لێ ئەستێندرا.

به پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی سەرمارەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"عەبدولقادر ساڵحیان\" کوڕی جەمیل و خەڵکی دزەی ناوچەی مەڕگەوەری ورمێ بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی هێزە حکوومەتییەکان کوژرا.

\"\"عەبدولقادر ساڵحیان
ئەو کۆڵبەرە کوردە خێزاندار و چوار منداڵی هەیه. تەرمی ناوبراو ئێستا لە سەردخانەی نەخۆشخانەی \"نەبی ئەکرەم\"ــی شنۆ دایە و ڕادەستی بنەماڵەی نەکراوە.

لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"جەعفەر مونیر\"، تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی سەید ئەحمەد خەڵکی سەردەشت، هاوکات لە گەڵ گرووپێک لە کۆڵبەرانی دیکه، لە سەر خاڵی سیفری سنووری ئەم سارە لە لایەن هێزە نیزامییە حکوومەتییەکانەوە تەقەیان لێ کراوە و لە ئاکامدا لاقی بریندار بووە.

ڕۆژی هەینی، ٩ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"جبرەئیل ئەحمەدی\" خەڵکی ناوچەی سۆمای ورمێ لە ئاکامی تەقەی هێزە ئینتیزامییەکاندا له ڕێگای گەیشتن به هەشتیان ، شانی بریندار بووە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی سەرماوەز، گرووپێک لە کۆڵبەرە کوردەکان لە سنووری پیرانشار کەوتوونەتە کەمینی هێزە حکوومەتییەکانی ئێران و بە هۆی تەقەی ئەو هێزانەوە، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"شەریف مەحبووب\"، تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی قادر، نێوقەدی بریندار بووە و گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پیرانشار.

لە لایەکی تریشەوە هەر لەو ڕۆژەدا، گرووپێک له کۆڵبەرە کوردەکان لە خاڵی سنووری سەردەشتدا، کراونەتە ئامانجی هێزە حکوومەتییەکان که برینداربووونی کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"عادڵ شافعی\" بەدواوە بووە.