کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار کرا

15:01 - 4 خەرمانان 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری شاری خۆیدا، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران و بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"عادڵ ئوموی بەدرەش\"، خەڵکی گوندی \"کەرکۆشـ\"ـی شاری خۆی، بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران، پێکرا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی دیکەی کورد، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، تەقەی لێکراوە.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، لەو ڕووداوەدا لاقی پێکراوە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری خۆی کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، شەوی شەممە، ٢ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سەلام ئەمینی\"، کوڕی \"محەممەد\"، تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە ناوچەی سنووریی \"نەنوور\"ی ئەم شارستانە، گیانی لەدەست دا.