کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار بوو

12:01 - 19 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران، پێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی خەرمانان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە نزیک جادەی سنووری "کانی زەرد"ی سەردەشت، درانە بەر دەسڕێژیی گوللـە و لە ئاکامدا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئازاد نێعمەتی"، تەمەن ٢٢ ساڵ، کوڕی "جەلال"، بەسەختی بریندار کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری سەردەشت کرا.

"ئازاد نێعمەتی"، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، تەقەی لێکرابوو.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە، ١٦ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "یووسف مستەفاپوور"، کوڕی "کەریم"، خەڵکی گوندی "دارمەرجانـ"ـی شاری سەردەشت، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت پێکرا.