کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی سپا گیانی لەدەست دا

16:43 - 10 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی کێلەشیندا، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٩ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "عەزیز ڕەئیسی"، کوڕی "مەناف"، خەڵکی گوندی "گرکـ"ـی ناوچەی مەڕگەوەری ورمێ، لە بەرزاییەکانی کێلەشینی شاری شنۆدا، گیانی لەدەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بەبێ ئاگاداری پێشوو لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە تەقەی لێکراوە و تەرمی ناوبراو هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "عادڵ یەعقووبی"، تەمەن ٢٦ ساڵ، کوڕی "سدیق"، خەڵکی گوندی "بێساران" و دانیشتووی شاری مەریوان، بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە چێندراوەکان، لاقی چەپی بریندار بوو.