کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت کوژرا

16:31 - 29 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە شاری بانەدا گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٢٨ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"محەمەد ڕەسووڵ عەزیزی\"، کوڕی محەمەدڕەشید، خەڵکی گوندی \"کانی سێف\"ی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لەدەست دا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە کۆڵبەرانی کورد، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەت تەقەیان لێکراوە و لە ئەنجامدا بووە بە هۆی کوژرانی ئەم کۆڵبەرە کوردە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ، ئەم گرووپە لە کۆڵبەرانی کوردیان داوەتە بەر دەسڕێژ.

محەمەد ڕەسووڵ عەزیزی، خێزاندار و باوکی چوار منداڵە.