کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سەردەشت کوژرا

14:49 - 17 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی سەردەشتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"مەنسوور گرژە\" کوڕی محەممەد، تەمەن ٢١ ساڵ خەڵکی گوندی \"کانی زەرد\"ی شاری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لە دەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، لە نزیک گوندی \"کانی زەرد\" تەقەی لێکراوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، ماوەی ساڵێکە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە.

لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی چوارشەممە، ١٢ی پووشپەڕ، ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، لە نزیک گوندی \"هانە گەرمەڵە\"، سەر بە شاری نۆدشە، تەقەیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد کرد.

لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتدا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"گۆران عەزیززادە\"، کوڕی حوسێن، خەڵکی گوندی \"هانە گەرمەڵە\"، گیانی لەدەست دا و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی \"ئەسیر شاپەسەندی\"، کوڕی سەبری بەسەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی، ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری پاوە کراوە.