کۆڵبەرێکی پیرانشاری بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کوژرا

15:46 - 12 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار، لە سنووری حاجی عۆمران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی شەممە ١١ی رەشەممە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سەید عەبدولواحید بەرزەنجی\" تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی سەید ئەحمەد خەڵکی شاری پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، گیانی لە دەست دا.

ئەو ڕووداوە، لە شوێنێک بە ناوی \"گۆڕی پتکێ\" شاری پیرانشار و لە کاتژمێر ١٠و نیوی شەوی ١١ی ڕەشەممە ڕوویداوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی هەتا ئێستا تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردەیان، ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردووە.

سەید واحید بەرزەنجی، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.