کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە شاری ورمێدا بریندار کرا

15:47 - 9 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری ورمێ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی سۆمای برادۆستی شاری ورمێ، دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و لە ئەنجامی تەقەکردندا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سینا مام حەمیدی\"، تەمەن ٢٣ ساڵ، کوڕی موراد، بە سەختی بریندار دەبێت.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان، پشتی پێکراوە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری ورمێ، کراوە.

هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە پاسگای \"بەردۆک\" لە سنووری شاری ورمێدا، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرانە، کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سیشەممە، ٧ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی \"سێ چۆمانـ\"ی شاری پیرانشاردا، کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئاکامدا، چەند کۆڵبەرێک کوژران و بریندار بوون.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی جۆزەردان، کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"ناسر ئەوەلیان\"، تەمەن ٥٥ ساڵ، خەڵکی گوندی \"میانە \" و دانیشتووی شاری مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بریندار کرا.