کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سەردەشت بریندار کرا

11:30 - 13 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت پێکرا و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ١٢ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "پەیمان یووسفی"، خەڵکی گوندی "دەرمانئاوێـ"ـی شاری سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە شوێنێک بە ناوی "پەلەکان" کراوەتە ئامانجی هێزە نیزامییەکان و لە لایەن دانیشتووانی گوندی "بێتووش"، ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەردەشت کراوە.

بارودۆخی تەندروستیی ئەو کۆڵبەرە کوردە، بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە، نالەبار ڕاگەیەندراوە.