کۆڵبەرێکی دیکە کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری ورمێ بریندارکرا

14:28 - 1 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری شاری ورمێ، بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پیش، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"شەمسەدین حاجی‌زادە\" کوڕی عوبید خەڵکی ناوچەی سۆماوبرادۆستی شاری ورمێ، بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پێکرا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی جێگر لە پایگای سنووری \"بەردۆک\" تەقەی لێکراوە و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە لاقی و پشتی لەو تەقەکردنەدا، پێکراوە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ تەقەیان لەو کۆڵبەرە کوردە، کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، شەوی پێنجشەممە ٢ی خاکەلێوە، لە ئەنجامی ڕادوونانی کاسبکارانی کورد،کاسبکارێکی کورد خەڵکی شاری سەقز بە ناوی \"ئەفشین لوتفی\" کوڕی خەلیل،لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، لە جادەی بیجاڕ_زەنجان، گیانی لە دەست دا.