کۆڵبەرێکی دیکە لە سنووری شاری سەردەشتدا بریندار بوو

10:50 - 31 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار و بۆ ناوەندی دەرمانیی شاری ورمێ، گوێزرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی خەرمانان، لاوێکی کورد بە ناوی "خدر بیلوکە"، کوڕی "عەلی"، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان، لە سنووری شاری سەردەشتدا پێکرا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، بەهۆی  قورسیی  برینەکانیەوە، ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری ورمێ کراوە و بارودۆخی تەندروستیی نابراو، نالەبار ڕاگەیەندراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "خالس حەمیدزادە"، تەمەن ٢٢ ساڵ، کوڕی "کەریم"، خەڵکی گوندی "بالوولە"ی سەر بە ماکوو، بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئەرتشی تورکیەوە، گیانی لەدەست دا.