٢ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ‌هێزە نیزامییەکان بوونە قوربانی

14:17 - 31 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵىەرێکی کورد لە کوێستانەکانی \"بەربنە\"ی پیرانشار و لە شوێنێک بەناوی \"دۆڵی مەیدان\" بە تەقەی راستەخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوە کۆڵبەرێکی بەناوی \"ئیبراهیم عەزیزی\" کوڕی ئەسکەندەر و خەڵکی گوندی دربکەی سەربە شاری پیرانشار بە تەقەی راستەخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژرا.

ئێبراهیم تەمەن ٣٣ ساڵ، خاوەنی ٢ منداڵ و دانیشتووی گوندی \"دربکە\"ی سەربە شاری پیرانشار بووە.

هەروەها لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی \"مەولوود\" کوڕی بایز بە توندی بریندار بووە و بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کراوە.

\"12103.jpg\"
ئیبراهیم عەزیزی، کۆڵبەری کورد خەڵکی گوندی دربکەی سەربە شاری پیرانشار کە بە تەقەی راستەخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراوە
ئەو کۆڵبەرە کوردە تەمەن ٤٠ ساڵ و دانیشتووی گوندی \"تاچیناوێ\"ی سەربە شاری شنۆ بووە کە لە ئەنجامی تەقەی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بریندار کراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: لە ئەنجامی راوەدوونانی ئەو کۆڵبەرانەدا، برایەکی ئەو کۆڵبەرە کوژراوە بەناوی \"کەیوان\" بێسەروشوێنە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، کە چەندین سەر ئەسبی بارهەڵگری کاسبکاران بەدەستی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئسلامیی ئێران بەکوشت چوون.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەماوەی ١ مانگی رابردوودا ١١ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و بریندار بوون، کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٧ کەسیان بەرەوڕووی مەرگ بوونەتەوە و ٤ کەسی دیکەشیان بە توندی بریندار کراون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کەدەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بیت.