کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە کۆڵنی ئاڵمان بەڕێوەبرد

12:45 - 10 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت دا دۆخی ئێستای ئێرانی تاوتۆی کرد.

نووسینگەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە ڕاگەیەندراوەکدا باسی لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە سەر دۆخی ئێستای ئێران لە کۆڵنی ئاڵمان کرد.

دەقی ئەم ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

خەڵکی خەباتکار

حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان


ڕووداوە سیاسییەکان و ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە سەد شاری ئێراندا، ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و سەرکوت کردنیان، ناڕەزایەتییەکانی ژنان دژ به نەبوونی یاسا و بەربڵاوبوونەوەی بزووتنەوە سیاسییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا، تا ڕادەیەکی بەرچاو، وڵاتی تووشی قەیرانگەلێکی بەرچاو کردووە.

ئەم قەیرانانە بوونەتە هۆی لاوازبوونی دەزگای حکوومەت و ڕەنگە بە زووترین کاتیش لە نێوخۆیدا تووشی تێکچوونی بکەن.

به تایبەت گوشارە نێونەتەوەییەکان لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بۆ سنووردارکردنی سیاسەتەکانی دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچە، پێشگرتن لە هەناردەکردنی تێرۆریزم و زیاد کردنی نائەمنی لە ناوچە و جیهان و وەلانانی ڕێککەوتننامەی بەرجام لە لایەن دەوڵەتی ئامریکا و گەشەی گەمارۆکان دژ به کۆماری ئیسلامی، دۆخی وڵاتی لەگەڵ هاوکات بوونی سەرکوت لە ناوخۆ و گوشار لە دەرەوە بۆ سەرهەڵدانی قەیرانە سیاسییە بەربڵاوەکان ئامادە کردووە.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بۆ تاوتوێ کردنی دۆخی سیاسی کۆمەڵایەتی لە نێوخۆ و دەرەوە و هەروەها لەبەرگرتنی سیاسەتی تەبا لەگەڵ دۆخی هەنووکەیی و بڕیارە نوێیەکان، حیزبەکان و بزووتنەوەکانی ئەندامی کۆنگرەی بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە کۆڵنی ئاڵمان بانگهێشت کرد.

ئەم کۆبوونەوەی کۆنگرە لە سەرەوەترین ئاست و به بەشداریی هەموو ڕێبەرانی حیزبەکانی ئەندامی کۆنگرە لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ٢٦ی ژانویەی ٢٠١٩ دەستی پێکرد و پاش تاوتوێ کردنی باس و بابەتەکانی و وتووێژ سەبارەت به ستراتێژیی هەنووکەیی کۆنگرە و بەتایبەت سیاسەتی کۆنگرە سەبارەت به یەکگرتووییە سیاسییەکان لە خەبات دژ به کۆماری ئیسلامیی ئێراندا گەیشته رێککەوتنێکی هەمەلایەنە. ئەم کۆبوونەوەیە دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ به سەرکەوتووییەوە کۆتایی پێهات.

نووسینگەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ