کۆنسێرتی هونەرمەندێکی سەردەشت لە شاری سنە هەڵوەشایەوە

20:27 - 13 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆنسێرتی هونەرمەندێکی سەردەشتی لە شاری سنە، لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئەو شارە هەڵوەشایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"شۆڕش ئەبووبەکری\" هونەرمەندی سەردەشت، لە ڕاگەیاندراوێکدا، باسی لە هەوڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکەی خۆی لە شاری سنە، لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئەو شارە کرد.

ئەو هونەرمەندە سەردەشت لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، نووسیوویەتی: \"هەروەک ئاگادارن، بڕیار بوو لە ڕیکەوتی ٩ی ڕەشەممە،بە هاوکاری حەوزەی هونەری پارێزگای سنە لە هۆڵی سینما بەهمەن کۆنسێرتی موسیقی من بەڕێوەبچێت، پاش داواکاری و تێپەڕاندنی قۆناغی یاسایی ئیزنی بڵاوکردنەوەی بنێرەکانیان بە ئێمە دا.\"

شۆرش ئەبووبەکری هەروەها دەڵێت: \"لە یەکەم ڕۆژی بڵاوکردنەوەی بنێرەکان و پڕوپاگەندە بۆ ئەو کو نسێرتە لە شاری سنە، بە ئێمەیان ڕاگەیاند، ڕەزامەندی لەسەر ئەو کۆنسێرتە نەدراوە و نابێت بەڕێوەبچێت.\"

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"لە کاتێکدا، زیاتر لە سێ حەوتوو لە داواکاری ئێمە دەگوزەرێت و هاوئاهەنگی پێویست لەو پەیوەندییەدا، لەگەڵە لایەنە پەیوەندییدارەکان ئەنجام دراوە، بەڵام لە کاتی دەسپێکی پڕوپاگەندە بۆ ئەو کونسێرتە دژایەتی کرا و سەرەتا ڕایانگەیاند کێشەکە لە تارانە و دواتر وتییان کێشە لە شارەکەی خۆتانە.\"

ئەو هونەرمەندە کوردە هەروەها دەڵێت، ئەمە یەکەمین کەرەت نییە و ساڵی ڕابردوو، لە شاری بۆکان، پاش ئیزن دان و پڕوپاگەندە و بڵاوکردنەوە پۆستێر و بنێر، ئیزنی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکەیان نەدا و هەڵوەشایەوە و دواتر بیروکەی من لە لایەن دەستوپەیوەندییەکانی خۆیان لە بۆکان و چەند شەو دواتر لە شاری مەهاباد بەڕێوەیان برد وەک فێستیڤاڵی بەیت و حەیران لە شاری سەردەشت.