کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ \"حقارەتێکی\" بێ کۆتایی بە یەکیەتی بکات

13:55 - 14 رەشەمه 2714
Unknown Author
مەجید حەقی

هەمووشت لەو رۆژەوە دەستی پێکرد، کە کۆسرەت رەسووڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکیەتی نیشتیمانی لە ژێر گوشاری کۆماری ئیسلامی ئێراندا لەگەڵ دەستەیەکی پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتیمانی ساڵی ١٩٩٧ رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانیان گەمارۆدا و بۆ یەکەمجار دەنگی کوردستان لە لایەن حیزبی برا و هێزی پشتیوانەوە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی ئێران کپ کرا.

ئەوکات لەوانەیە یەکیەتی دڵی بەوە خۆش کردبێت کە کۆماری ئیسلامی بەو خۆشخزمەتیەیان رازی بێت و وازیان لێبێنێت. بەڵام سەربەخۆیی خۆت لە بەرامبەر براگەورەدا لە دەست دا بۆ هەمیشە خاڵی لاوازت لای ئەوان هەیە. ئەوان بەچاوی کەرەسەی پێویست و ستوونی گوشار چاو لەو دۆستەتازەیە دەکەن و جۆری دۆستایەتیان دەبێتە \"سیغەکردن\" و هەرکات پێیان خۆش بێت کاری ناخۆشتر بە لایەنی لاواز دەکەن.

سەردەمانێک ناوی پێشمەرگەی یەکیەتی واتای سەروەری و جێی شانازی دەدات، رەنگی سەوز رەنگی ژیان، سەرهەڵدان و هیوا بە شۆرشێکی نوێ بوو. بۆ کوردانی رۆژهەڵات ئەو سەردەمە بوون لە گەڵ یەکیەتی و پۆشینی رەنگی سەوز شانازیەکی لەبڕان نەهاتوو بوو. یەکیەتییەک کە بنەماکانی بەرنامەدارێژی و پلان دانانی لە قاسملوو فێربوو، دواتر وادیارە بە قەوڵی کوردی تەنیا رێگای هەڵگرتنی چاکەی کوشتنی دێموکرات بوو.

رادیۆ دەنگی کوردستان کە داخرا، ئەوجار نۆرەی زنجیرە تیرۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی رۆژهەڵات بەتایبەت ئەندامانی حیزبی دێموکرات هات و چل دۆلار بەس بوو بۆ ئەوەی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات تیرۆر بکرێت.

قەت لەبیرم ناچێت کاتی خۆی لە ٢٧/٠٧/٢٠٠١ کاتێک لە کۆیە بە کراسێکی زەرد دەگەڕام، \"ئاسایش\'ی کۆیە منی گرت و دوای پرسوجۆیەکی زۆر منیان بە هۆی ئەوەی بەشێوەی نایاسایی لەوێ بووم جەریمە کرام. کاتێک وتم کە من دوێنێش لێرەبووم و ئەوە مانگێکە لێرەم و تا ئێستا چەندین جار پاسپۆرتم نیشانی ئێوە داوە، وتیان ئەمجارە بێ یاسایی هاتوویت و دەبێ جەریمە بدەیت و جارێکی دیکەش بۆت نیە بێتەوە بۆ ئێرە. دواتر کە لای برادەرێکم گلەییم کرد، بە منی وت دەبێ \"شوکری خوا بکەی\" کە نەکوژراوی. ئەوکات تێگەیشتنی قسەی ئەو کەسە بە ئەزموونەم بۆ زەحمەت بوو، ئێستا زۆر شوکردارم.

لەو رۆژانە باسی یەکگرتنەوەی بنەماڵەی دێموکرات گەرم بووتەوە و هیوا و وزەیەکی زیاتری بە ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە و هۆگرانی یەکیەتی کورد بەخشیوە. بێگومان کۆماری ئیسلامی لە یەکگرتنی دێموکراتەکان دەترسێ و ترسی ئەوەی هەیە دێموکراتی یەکگرتوو هەموو پارەسەنگە سیاسیەکانی ناوچە بگۆڕێت. راست لەو کاتەدا \"ئاسایش\"ی یەکیەتی هێرش دەکاتە سەر کەمپی ئازادی و بەبیانووی گەڕان بە دوای کەسێک کە گۆیا هەڵهاتووە، لێدان و بێ‌ریزییەكی زۆر بە ژن ‌ ومنداڵ ‌وكادر ‌ وپێشمەرگەكانی حیزب دەكەن.

دیوی دیکەی ئەو راستیە تاڵە لەوەدایە، لەو رۆژەوە کە یەکیەتی لە ژێر کاریگەری راستەخۆی سوپای قودسە و تەنانەت کێشەکانی ناوخۆییشیان لە لایەن پاسدار قاسم سولێمانیەوە تاوتوێ دەکرێن و وەزیر و کاربەدەستانیان لە ژێر چاوەدێری ئەوان دادەنرێن، سەیر نیە کە لە ژێر هەمان گوشاردا و لە پێناوی ئەنجامی \"کارێکی یاسایی\" هێرش بکەنە سەر کەمپەکانی دێموکرات و بێرێزی بە تەواویەتی رۆژهەڵات بکەن. وادیارە پێشوازی گەرم و گوڕ لە سەحراروودی تێنووتی کۆماری ئیسلامی نەشکاندووە و کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ ئێستا کە یەکیەتی نیشتیمانی لە زەڵکاوی دووبەرەکی و رکەبەریەکانی کۆتلەکانی ناوخۆییدا دەنالێت و سەربەخۆیی خۆی بەتەواوی لە دەست داوە، هەموو سنوورەکان بەو هێزە ببەزێنێت.

هیوادارم رۆشنبیران و کوردپەروەرانی ناو یەکیەتی ئەو سووکایەتیەی کۆماری ئیسلامی بەخۆیان قەبووڵ نەکەن و رێگە نەدەن کەلێنێکی قووڵتر لەوەی کە هەیە بکەوێتە نێوان گەلی کورددا. لەو گەمەیەدا یەکیەتی و مێژووی پرلەسەروەری دەورانی شەڕی پشتیوانی و راپەرینەکانی باشووری کوردستان دەبنە تەنیا چەند گوڵی بچووک لە ناو زستانێکی رەش و تاریکدا.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لەمەڕ ناوەرۆکەکی بەرپرسیار نییە.