کۆتایی یان سەرەتا؟!

20:24 - 19 جۆزەردان 2715
Unknown Author
ئاگری ئیسماعیل‌نژاد

هەڵبژاردن لە خۆییدا دەرفەتێکە بۆ سازکردنی ئاڵوگۆر لە دەسەڵاتدا، ئێستا کە لەو دەرفەتەدا هەدەپە توانی دەنگ بێنێتەوە و ئەو دەنگهێنانەوەیە، سەرەتای دەستپێکی سیاسەتێکی نوێ لە تورکیایە، لەوسیاسەتە نوێیەدا هەم دەرفەت نراوتە بە دەمی هەدەپە و هەمیش ئەرکی بۆ دیاری کراوە بۆیە ئەوەی ٧/٦/ دەکاتە مێژوو لە ڕاستیدا سەرکەوتن لە هەڵبژاردن نییە بەڵکوو رەخسانی دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەدەپە و لاینگرانی خواستەکانیان لە چوارچیوەی دەستووردا بگونجێنن هەدەپە وەکوو خۆی کاتی بانگەشە دەیگوت: دەبێت دەستوور بە ئاراستەیەکدا بگۆردێت کە کەمینەی نەتەوەیی وئایینی خۆی تێدا ببینێتەوە و دێموکراسی پێکهاتەمەند بکرێت بەر بە سەرەڕۆی ئاکپارتی بگرێت.

و لە لاپەرەی دووهەمدا هەدەپە دەبێت پێ‌کاکا و ئاراستەی سیاسی پێ‌کاکاش بەرو ئاقارێک بەرێت کە لەودا پێ‌کاکا پێملی پاراستنی پرۆسەی ئاشتی و دێموکراسی بێت بە وتایەکیتر هەدەپە دەبێ بەر بە سەرەرۆیی پێ‌کاکاش بگرێت.

بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە چەند پرسیارێک دێتە گۆرێ پرسیارەکان ئەمانەن:

١: هەدەپە و پێ‌کاکا لەسەر چۆنێتی درێژەدان بە پرۆسەی ئاشتی چۆن رێکدەکەون؟

٢: ئایا هەدەپە مەرجی بە فەرمی ناسینی پێ‌کاکا بۆ دەسەلاتدارانی تورکیا دادەنێت؟

٣:ئێستا کە هەدەپە بە ٧٧ نوێنەرەوە لە پارڵمانە و بە چەشنێک نوێنەرایەتی پێ‌کاکا دەکات ئایا پێ‌کاکا رێگەی پێدەدرێت درێژە بە چالاکییە چەکدارییەکانی بدات؟

٤: ئایا پێ‌کاکا لە ئێستادا دەتوانێ لەسەر ئەو سیاسەت ناوچەییەی سوور بێت کە هەر کەس دوژمنی تورکیا بێت دۆستی پێ‌کاکایە؟

٥:ئایا پێ‌کاکا دەتوانێ درێژە بەو سیاسەتەدا بدا کە لەودا رۆژئاوای کردبووە سەکۆی دژایەتی‌کردن لەگەڵ تورکیا و چارەنوسی رۆژئاوای کردبووە تۆپێک لە نیوان ئەسەد و ئۆردوغاندا ؟

٦:ئایا پێ‌کاکا دەتوانێ درێژە بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەسد و ئێران بدات؟

٧: هەدەپە لە پارڵمانە بەڵام باڵادەست نییە و پێویستی بە هاوپەیمان هەیە ئەو حیزبە لەگەڵ کام لایەن لە نێوپارلمانی تورکیا رێکدەکەوێت بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانی کاتی بانگەشە بگات؟!

بۆ ئەوەی بلێن هەڵبژاردنی ٧/٦/٢٠١٥ سەرکەتوو بووە دەبێت جوابی هەموو ئەو پرسیارانە دوور لە دەمارگرژی بدرێتەوە. بەمەرجێک هاتنە سەرێ هەدەپە بۆ نێو پارڵمان ببێتە هۆی ئەوەی پێ‌کاکا ئاراستەی سیاسەتە ناوچەییەکانی بەو ئاراستەیەدا بەرێت کە دوور بکەوێتەوە لە ئێران و سووریا و درێژە بە توندوتیژی نەدات؛ دەتوانین بلێن هەڵبژاردنی دوێنێ هەم دەرفەتێکی خستۆتە بەر دەمی کورد هەتا ئاراستەی پرۆسەی ئاشتی بە قازانجی خۆی دابشکێنێتەوە و هەم مالی کوردیشی هەنگاوێک لە یەکریزی نزیک کردۆتەوە و چوون لێرەدا ئەگەر پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئاکپارتی نزیک بێت یەکێتی و پێ‌کاکا خۆیان لە هەدەپەدا دەبیننەوە و ئەوەش دەکرێت بەو مانایە بێت کە یەکێتی و پێ‌کاکا چیتر پێویست نەکا لەگەڵ ئێران و ئەسەد پەیوەندییان هەبێت بەو کارەش بەختی سەرکەوتنی کورد لە ئاڵوگۆرە ناوچەییەکاندا زۆر دەچێتە سەرێ، مالی کورد تەبا و یەک ریز بێت. هەرچەند من پێم وایە هەبوونی هەدەپە لە پارلمانی تورکیا وا دەکات پێ‌کاکا زیاتر پێبەندی بەرژەوەندییەکانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی تورکیا و باکوور لە نێوخۆی تورکیا و لە ناوچەکەدا بێت و ئاراستەی سیاسەتی ناوچەی خۆی ڕوو بە ئیران و سوریەوە بگۆرێت بەڵام لەوەش غافل نیم کە دەگوترێ:\"ئەرێ بەرزا هێلکە دەکا؟\"

پێ‌کاکا و رێبەرایەتی ئەو حێزبە هێندە ئاوێتەی پەیوەندی جۆراجۆر ناوچەیی بووە کە سەربەخۆیی سیاسی ئەو حێزبە بەتەواوی لە ژێر گوماندایە، ئەوەش نکۆلی لێناکریت کە دۆستانی پێ‌کاکا واتە ئێران و ئەسەد بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا نیین و بە مەترسی ئەمنی بۆ سەر خۆیانی دەزانن، بە واتایەکیتر ئەوەی زیاترین کار تێکەری لەسەر پێ‌کاکا هەیە ئاراستەی سیاسی نێوخۆی تورکیا و بەرژەوەندی باکوور نییە بەڵکوو ئاراستەی بەرژەوەندی دۆستانی ناوچەی پێ‌کاکایە کە زیاترین کارتێکەرییان لەسەری تاکتیکەکانی پێ‌کاکا تەنانەت دەرهەق بە پرۆسەی ئاشتیش هەیە؛ بۆیە ناکرێت دڵنیابین لەوەی کە چوونی هەدەپە بۆ نێوپارلمانی تورکیا بەواتای ئەوەیە کە پێ‌کاکا لە ئاستی ناوچەیی و نێوخۆی تورکیا و باکوورسیاسەتێک دەگرێتە بەر کە گارانتییەک بێت، بۆ پاراستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا.

بەڵام چوونی هەدەپە بۆ نێو پارلمانی تورکیا بە پێی سیاسەت، ئەخلاق و بەرژەوەندی باکوور وا دەکا کە پێ‌کاکا لە ئاستی ناوچە و نێوخۆی باکوور ئاراستەی سیاسی خۆی بگۆرێت، وەکوو ئەدەبیاتی سیاسی باشوور دەلێت: ئێستا ئاکپارتی تۆپی ئاشتی و دێموکراسی تورکیا و تەنانەت تۆپی سەربەخۆی ئابووری باشووری کوردستانیشی هەڵداوتەوە گۆرەپانی پێ‌کاکا و هەدەپەوە، پێ‌کاکا هەم لەسەر چالاکی چەکداری و هەم لەسەر سیاستەی ناوچەی دەبێت متمانە بە کۆمەڵگای تورکیا و دەوڵەتی تورکیا بدات کە ئەگەر دەرفەتی یاسای بۆ رەخسا واز لە توندوتیژی دێنێت و لە ئاستی ناوچەیش دژایەتی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورکیا ناکات هیچ، بەڵکوو ئاراستەی سیاسییەکەی بە پێی بەرژەوەندی تورکیا دەبێت.

ئەگەر ئەو حیزبە لە ئاستی ناوچەییدا ئاراستەی سیاسی بە قازانجی پرۆسەی ئاشتی و دێموکراسی بگۆرێت و چالاکی چەکداریشی بە تەواوی رابگرێت، وەکوو دێمیرتاش گووتی: \"هەدەپە هی تورکیا و بۆ تورکیایە\" ئەگەر ئەو دروشمە پێ‌کاکاش پێبەندی بێت ئەوە بە دڵنیاییەوە دوێنی کوردەکان یارییەکی نوێیان دەست پێکردووە و بەختی سەرکەوتنیشان زۆرە. لەو یاریەشدا سەرکەوتنی کوردەکان بەواتای سەرکەوتنی دێموکراسی و ئاشتییە و ئەو کاتەیە کە دەبێ بڵێ تورکیا پاش ٧/٦/٢٠١٥ دەتوانێ وێنایەک بۆ ئێران و تەنانەت هەموو رۆژهەڵاتی‌نێوەراست بێت.

بەڵام ئەگەر پێ‌کاکا پێملی ئەو سیاسەتە نەبیت چی؟ دیارە ئەوە جۆرێک ئالۆزی و نامتمانەی بە کورد لە نێو تورکیادا زیادتر دەکا و تەنانەت بەختی ئەوەشی لێدەستێنێتەوە کە بە رێگای ئاشتی دۆزی کورد لە باکوور چارەسەر بکرێت بە دڵنیاییەوە نە تەنیا پرۆسەی ئاشتی بەڵکوو پەیوەندی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و سیاسەتی سەربەخۆی ئابووری هەرێمی کوردستانی باشوور و تەنانەت دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی‌نێوەراستدا دەکەوێتە مەترسییەوە.
لێرەدا رۆلی بەرێز ئۆجەلان نابێت لە بیر بکرێت ئەو دەتوانێ بریاردەری سەرەکی بێت باشتریش وایە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەتایبەتی ئەو هێزانەی باشوور کە ئێستا پەیوەندییان لەگەڵ ئاکپارتی هەیە لە هەوڵی ئەوە دابن بەرێز ئۆجەلان ئازاد بکرێت یان لانیکەمی ڕاستەخۆ بەرێزیان بتوانێ ناوەناوە لە راگەیاندنەکان دەربەکەوێت و ئاراستەی سیاسی بۆ رێبەرایەتی پێ‌کاکا دیاری بکات واتە باشتر وایە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و تورکیا لە هەوڵ دابن کە رۆلی هەدەپە وەکوو بەرپرسایەتی لە پاراستنی پرۆسەی ئاشتی زیاتر بکەن و رۆلی بەرێز ئۆجەلانیش وەکوو بریاردەری سەرەکی لە رەوتی پرۆسەی ئاشتیدا زیاتر بکرێت و ئۆجەلان بەگرێندرێتەوە بۆ نێو پێ‌کاکاچوون پێ‌کاکا ناتوانێت لەبەرانبەر ئەو دوو لاینەدا ڕاوەستێ بەڵام ئەگەر رۆلی پرۆسەی ئاشتی هەر بە دەست ئاکپارتییەوە بێت یان وەکوو ئێستا هێزێکی پارچەیەکی‌تر موزایدەی سیاسی بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووروە بکات، هەموو ئەوانە دەرفەتێک دەدات بە پێ‌کاکا کە دەستی ئاوەڵەتر دەبێت بۆ درێژەدان بە سیاسەتی ناوچەییەکەی ئێستای و خۆببوێرێ لە ئەوەی بچێتە ژێرباری ئەرکی پاراستنی پرۆسەی ئاشتییەوە.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە