کچە وەرزشوانێکی سەقزی پلەی دووهەمی تێکواندۆی جیهانی بە دەست هێنا

14:16 - 11 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: کچە وەرزشوانێکی خەڵکی شاری سەقز، لە کێبڕکێی جیهانییەکاندا، کە لە وڵاتی کورەی باشوور بەڕێوە چوو، توانی پلەی دووهەم بە دەست بێنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نیان شامحەممەدی، کچە وەرزشوانی خەڵکی شاری سەقز، لە کێبڕکێی جیهانیی تێکواندۆ، لە وڵاتی کورەی باشوور، خەڵاتی زێوی ئەو کێبڕکێیە بەدەست هێنا.

٢٦هەمین کێبڕکێی جیهانیی تێکواندۆ، لە شاری \"ججو\"ی وڵاتی کورەی باشوور بەڕێوە چوو و ئەو کچە وەرزشوانە کوردە، توانی لەو کێبڕکێیەدا میداڵی زێو بەدەست بهێنێت.

نیان شامحەممەدی لە بەشی \"سوننال سرعتی\" میداڵی زێوی لە قۆناغی ١٩ هەتا ٣٩ ساڵی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

وەرزشوانانی کورد لە ٤ پارێزگای کوردستانی ڕۆژهەڵات، سەرەڕای هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە بەرەوڕوویان دەبێتەوە و حکوومەتی ئێران هیچ ئیمکاناتێکی وەرزشییان بۆ دابین ناکات، بەردەوام لە کێبڕکێیەکاندا لە ئاستی جیهانی و ئێران، میداڵی جۆراوجۆر بە دەست دێنن.