کچێکی میرمنداڵ خەڵکی شاری مەریوان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

14:46 - 9 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کچێکی مێرمنداڵ تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی شاری مەریوان، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بانەمەڕ، کچێکی میرمنداڵ بە ناوی \"سارا کریمی\" تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی شاری مەریوان، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دەوترێ، ئەو کچە مێرمنداڵە، بە هۆی هەژاری و دەسکورتی دەستی بنەماڵەکەی دەستی داوەتە خۆکوژی.

لەو پەیوەندییەدا، کچێکی مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ، بە ناوی \"شەکیلا کەریمیان\"، خەڵکی ژاوەرۆی سنە و دانیشتوی گەڕەکی حەسەن‌ئاوای ئەو شارە، بە هۆی بێپەنایی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دەوترێ، باوکی شەکیلا گیرۆدەی مادەی سڕکەر بووە و ئەو کچەش بە هۆی گوشار و دەرکردنی لە ماڵ باوکی دەستی داوەتە خۆکوژی.

کۆمەڵناسان لەو باوەڕەدان، هۆکاری کۆمەڵایەتیی وەکوو هەژاری، نەبوونی پشتیوانی، بێهیوایی بە داهاتوو، سەرەکیترین هۆکارەکانی خۆکوژی لاوان و مێرمنداڵان لە ئیراندا بە ئەژمار دێن.