کوژران و برینداربوونی چوار کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی بانە و سەردەشت

12:45 - 24 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: چوار کۆڵبەری کوردی خەڵکی شارەکانی بانە و سەردەشت بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژران و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"نامیق غۆلامی\" خەڵکی \"گوندی خۆریاوا\" لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لە دەستداوە و دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی \"کارزان ئەمین‌زادە\" خەڵکی گوندی \"خۆریاوا\" و \"جەبار ئەحمەدی\" خەڵکی گوندی \"کانی سوور\" بە تۆندی بریندار بوون.

نامیق غۆلامی لە کاتی ڕاگواستن بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سنە گیانی لە دەستداوە و جەبار ئەحمەدی بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان کراوە.

ئەو سێ کۆڵبەرە کوردە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەشەوە، چەند ڕۆژ لەمەوبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سیروان حەسەن‌زادە\" تەمەن ٢٥ ساڵە خەڵکی سەردەشت لە سنووری ئەم شارە بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان ڕاگوێزراوە.

لەم پێوەندییەشدا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٢ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"شەهریار خزری\" تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکی شاری سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە سەختی بریندار کرا.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو لە ناوچەی \"باژاڕ\"ی شاری سەردەشت، تەقەیان لەم کۆڵبەرە کوردە کردووە و ناوبراو بە هۆی کاریگەری بوونی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کراوە.