کوژران و برینداربوونی دوو کۆڵبەری کورد لە ناوچەی هەورامان

14:22 - 13 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد لە یەکێک لە گوندەکانی شاری نۆدشە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، کوژران و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی چوارشەممە، ١٢ی پووشپەڕ، ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، لە نزیک گوندی \"هانە گەرمەڵە\"، سەر بە شاری نۆدشە، تەقەیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"گۆران عەزیززادە\"، کوڕی حوسێن، خەڵکی گوندی \"هانە گەرمەڵە\"، گیانی لەدەست دا و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی \"ئەسیر شاپەسەندی\"، کوڕی سەبری بەسەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی، ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری پاوە کراوە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"تەرمی گۆران عەزیززادە، ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری پاوە کراوە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە\".

ئەو ژمارەیە لە کۆڵبەرانی کورد، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتەوە، تەقەیان لێکراوە.