کوژران و بریندار بوونی دوو کاسبکاری خەڵکی شاری سەقز

15:46 - 22 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو کاسبکاری کوردی خەڵکی شاری سەقز، کەوتنە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە و یەکێکیان گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢١ی بانەمەڕ، کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"کەیوان ڕەزازادە\"، تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی ناسر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە، گیانی لەدەست دا و کاسبکارێکی دیکە بە ناوی \"عەتا ڕەسووڵزادە\"، لەو ڕووداوەدا بە سەختی بریندار بوو.

ئەو دوو کاسبکارە سەقزییە، بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ لە جادەی \"کانی جەژنی\"، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە، تەقەیان لێکراوە.
\"عەتا ڕەسووڵزادە\" کە لەم ڕووداوەدا بە سەختی بریندار بووە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەقز کراوە.

هێزە ئینتزامییەکان، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، ئەو دوو کاسبکارە کوردەیان داوەتە بەر دەسڕێژیی گولـلەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی، ٢٠ی بانەمەڕ، کاسبکارێکی کورد، بە ناوی \"ئەسعەد بۆرکە\"، تەمەن ٢١ ساڵ، کوڕی سڵێمان، خەڵکی گوندی \"سۆغانلوو\"ی شاری پیرانشار، بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران گیانی لەدەست دا.

ئەم کاسبکارە کوردە لە شوێنێک بە ناوی \"خێوەتگە\"، لە بەرزاییەکانی شاری شنۆ، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە تەقەی لێکراوە.