کومیسیۆنی سەربەخۆیی مافی مرۆڤی ئەفغانستان، خنکانی کۆچبەرانی ئەو وڵاتەی لەلایەن ئێرانەوە پشتڕاست کردەوە

14:01 - 10 جۆزەردان 2720

کومیسیۆنی سەربەخۆیی مافی مرۆڤی ئەفغانستان، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، خنکانی کۆچبەرانی ئەفغانی لە سنووری ئێران و ئەفغانستان، لەلایەن سنوورەپارێزەکانی ئێرانەوەی پشتڕاست کردووە.

کومیسیۆنی سەربەخۆیی مافی مرۆڤی ئەفغانستان، پاش ئەم ڕووداوە، دەستی بە لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و کۆکردنەوەی بەڵگەی فەرمی و نافەرمی لەو ڕووداوە کرد، هەتا بتوانێت لەو پەیوەندییەدا چۆنییەتیی ڕووداوەکەی بۆ ڕوون ببێتەوە.

لە ڕاپۆرتی کومیسیۆنی سەربەخۆیی مافی مرۆڤی ئەفغانستاندا هاتووە، هاتوچۆی نایاسایی کۆچبەران لە سنووری وڵاتان بابەتێک بووە کە پەیوەندیی بە ژینگەی مرۆڤەوە هەبووە و خەڵکی ئەفغانستان بەهۆی تووشبوون بە شەڕی نێوخۆییەوە ناچار بوون بە کۆچکردن و ئەمە زۆر جار کوژرانی کۆچبەران، دەستدرێژیی جینسی و کاری زۆرەملێی لێکەوتووەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئەفغانی بە ناچاری و بە جۆرێکی نایاسایی لە سنوور هاتوچۆیان کردووە و چوونەتە نێو خاکی ئێرانەوە و لەگەڵ هەڵسوکەوتی نەشیاوی هێزە نیزامییەکانی ئێران بەرەوڕوو بوونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کومیسیۆنی سەربەخۆیی مافی مرۆڤی ئەفغانستان، ڕێکەوتی ١٢ی بانەمەڕ، ٤٦ کەس لە هاووڵاتییانی ئەفغانی چوونە خاکی ئێران و لەلایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر و بۆ پایگای سنووریی ئیبراهیم خان ڕاگوێزراون.

ڕاپۆرتی کومیسیۆنی سەربەخۆیی مافی مرۆڤی ئەفغانستان لە زاری بەجێماوەکانی ئەو ڕووداوە بڵاوی کردووەتەوە کە هێزە نیزامییەکانی ئەو پایگایە دەستیان بە ئازار و ئەشکەنجەی کۆچبەرە ئەفغانییەکان کردووە و ئەوانیان ناچار کردووە کە لە ڕووباری "هەریررود" بپەڕنەوە و بەو هۆیەوە، ژمارەیەک لەو کۆچبەرانە لە ئاودا خنکاون.

ئەو ڕاپۆرتە هەروەها لە زاری شایەتحاڵەکانی ئەو ڕووداوە بڵاوی کردووەتەوە کە سەرەتا هێزە نیزامییەکان پاش وەرگرتنی ناو و نیشانی کۆچبەرانی ئەفغانی، لە ژوورێکدا زیندانی کراون و کاتژمێر ٩ی ڕۆژی دواتر، پاش بێگاری پێکردنیان و کۆکردنەوە و خاوێنکردنەوەی دەوروبەری پایگاکە، لەو کۆچبەرانە بڕی ٢٠ هەزار تمەنیان پارە ئەستاندووە.

ئەو ڕاپۆرتە هەروەها باس لەو دەکات کە پاش گواستنەوەی کۆچبەرانی ئەفغانی بە مەبەستی پەڕینەوە لە سنوور، ئەوانیان ناچار کردووە کە لە ڕووباری هەریررود ببپەڕنەوە و بوو بەهۆی خنکاندنی ٨ کەس لە کۆچبەرانی ئەفغانی.

بەپێی وتەکانی  بەرپرسی گەڕانەوەی کۆچبەرانی ئەفغانستان لە ویلایەتی هەرات، ئەو ژمارە کۆچبەرانە ٤٦ کەس بوون، تەرمی ١٠ کەس دۆزراوەتەوە و تەرمی ١٥ کەسیان هەتا ئێستا بیسەروشوێنە.

هەرچەند بەرپرسانی ئەفغانستان ئاماری وردی قوربانییانی ئەو ڕووداوەیان بڵاو نەکردووەتەوە، بەو شێوەیە "سەید نەعیم ڕەحیمی"، چالاکی مەدەنی دەڵێت: "هەتا ئێستا تەرمی ٢٧ هاووڵاتیی کۆچبەری ئەفغانی لە شوێنی ڕووداوەکە دۆزراوەتەوە".

ڕێکەوتی ١٢ی بانەمەڕ، سەرچاوەکان لە ڕاپۆرتێکدا باسیان لە ئازار و ئەشکەنجە و خنکانی ژمارەیەک لە کۆچبەرانی ئەفغانی لەلایەن سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە بڵاو کردەوە کە لە نێوخۆ و دەرەوەی ئەفغانستان دژکردەوەی ئەو کارەساتەی لێکەوتەوە.