کوردەکانی گێڵان هەوڵی پاراستنی فەرهەنگ و زمانی کوردی دەدەن

15:24 - 23 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دامەزراوەی کوردەکانی گێڵان بۆ پاراستنی فەرهەنگ و زمانی کوردی لە نێو کوردەکاندا کار و چالاکی دەکات.

دامەرزاوەی کوردەکانی گێڵان، لە ساڵی ٨٦ی هەتاوییەوە بە ناوی \"دامەزراوەی کوردەکانی سەرزەوینی سەوزی ئێرانییەکان دەستی بە کار کردووە و ئەرسەلان عەزیززادە، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەو دامەزراوەیە.

ئەرسەلان عەزیززادە بەڕێوەبەری کاری گرووپی ئەدەبیی فەرهەنگیی هونەری لە وتووێژکێکدا، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەبارەت بەو دامەزراوەیە ڕایگەیاند: \"ئەو دامەزراوەیە لە لایەن ١٢ کەس لە کوردەکانی گێڵان لە پێناوی پێکهێنانی یەکگرتووەیی لە نێو کوردەکانی گێڵان دامەزراوە\".

\"\" ئەرسەلان عەزیززادە
ئەو ئەندامەی هەیئەتی بەرێوەبەری دامەزراوەی کوردەکانی گێڵان، سەبارەت بە چالاکییەکانی ئەم دامەزراوەیە، دەڵێت: \"چالاکییەکانی ئەم دامەزراوەیە لە بیاڤی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، هونەری، گەشتیاری و هەوڵدان بۆ پاراستنی ژینگەیە\".

ناوبراو لەو پەیوەندی لەگەڵ پێشوازیی کوردەکانی گێڵان لە چالاکیی ئەو دامەزراوەیە ڕایگەیاند: \"بە خۆشییەوە ڕەوتی پێشوازی لە چالاکییەکانی ئەو دامەزراوەیە، بەرچاوی بووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە ئەندامانی ئەم دامەزراوەی زیاد دەبێت و بە دڵنیاییەوە چالاکییەکانی دامەزراوەی کوردەکانی گێڵان شوێندانەر بووە و کوردەکانی گێڵان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ کە لە کوردستان دابڕاون، بە دامەزراندنی ئەم دامەزراوەیە و بەڕێوەچوونی ڕێورەسمە فەرهەنگییە جۆراوجۆرەکان، بووەتە هۆی ناسیاوی ئەم کەسانە لەگەڵ فەرهەنگی دەوڵەمەندی کوردەکان و ئەم نموونەیەش لە نێو منداڵی کوردەکانی گیان بەرچاو دەکەوێت\".

ئەرسەلان عەزیززادە لە درێژەدا دەڵێت: ئەم دامەزراوەیە بە شێوەی تایبەت توانیویەتی لە بواری ناساندنی کوردەکانی گێڵان لەگەڵ مۆسیقای کوردی لەگەڵ مامۆستایانی شارەزای بواری مۆسیقای کوردی لە شاری ڕەشت چالاکی بکات و پەیوەندیی دووبارە لەگەڵ مۆسیقای کوردی لە نێو کوردەکانی گێڵان کە خەریک بوو لە بیر بچێتەوە، دروست بکات.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە، سەبارەت بە چالاکیی دامەزراوەی کوردەکانی گێڵان ئەوەشی ڕوون کردەوە و ڕایگەیاند: بە بڕوای من لە هەموو گرینگتر دروستکردنی یەکگرتوویی لە نێو کۆمەڵگای کوردەکان بووە و بەپێچەوانەی کوردەکانی تاران کە بوونەتەوە چەند لقەوە. لە دامەزراوەی کوردەکانی گێڵان کوردە کرمانجی زمانەکانی ڕوودبار و خەڵخاڵ هەتا کرماشان و مەریوان لە دەوری یەکتر کۆ بکاتەوە و لە کۆتاییدا بە بەڕێوەبردنی خولی فێرکاریی زمانی کوردی، هەوڵێکی زۆری لە ڕاستای پاراستنی زمانی کوردی داوە\".