کوردپا/ ٦٠٤ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان (پاییزی ٩٣)

12:28 - 7 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: لە راپۆرتێکی شیکاری – ئاماریی سی مانگەدا ٦٠٤ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ دەخرێتەڕوو، کە بەڕێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدان لە خۆ ناگرێت.

ئەم راپۆرتە بە پشت بەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو و زانیاریی کەسانی ئاگادار و بەشێوەی ئاماری و بەبێ ئاماژەکردن بە ناوی هیچ کەسێک، لێرەدا دەخرێتە روو.

لەم راپۆرتەدا حوکمی ٥٦ ساڵ زیندانی بۆ ٩ هاووڵاتیی کورد، تاوتوێ دەکرێ.

خشتەی (١)
حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردییەکانی ئێران (پاییزی ١٣٩٣)

\"23874.jpg\"

بەپێی خشتەی (١) لە وەرزی پاییزی ئەمساڵدا سەرجەم ٦٠٤ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئیران رووی داوە.

زۆربەی حالەتەکان دەستبەسەرکردنی هاوولاتییانی کورد و بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعات لە خۆ دەگرێت، کە زۆربەیان لە پەیونەدی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی پشتیونای لە خەلکی کۆبانی دەستەبسەر کرابوون کە بەگشتی ١٥١ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر و ٩٨ کەسیش بانگهێشت کرابوون.

هەروەها ١٠٠ کەس لە هاووڵاتییانی کورد لە مەهاباد بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سووکایەتیی ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد بە حەسەن زیرەک، بانگهێشتی ئیتلاعات کرابوون.

بەپێی ئەو ئامارە، ٩ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی سیاسی \"ئەمنیەتی\"، لەلایەن دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئیسلامییەوە حوکمی ٥٦ ساڵ و ١٠ مانگ و دوو رۆژ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراون.

هەروەها لەو ماوەیەدا ٣٢ زیندانیی سیاسیی کورد مانیان لە خواردن گرتووە، کە مانگرتنی ٢٨ کەس لەو مانگرتوانە ٣٣ رۆژ بەردەوام بووە.

١٧ زیندنایی سیاسیی کورد لەو ماوەیەدا لەلایەن بەرپرسان و بۆ پێڕاگەیشتنی پزیشکی و جەستەیی ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە، کە سەرجەمی ئەو کەسانە پێویستییان بە مەرەخەسی و چارەسەریی پزیشکی لە دەرەوەی زیندان هەیە.

\"23845.jpg\"
لێدان و سووکایەتی کردن بە زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە گرینگترین حاڵەتەکان بوون کە ئەحمەد شەهید لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا ئاماژەی پێکردووە و نیگەرانیی خۆی لە بارودۆخی مافی مرۆڤ و لێدانی زیندانیانی سیاسی لە ئێراندا دەربڕیوە
سەبارەت بە راگواستنی زیندانیانی سیاسیی کورد بۆ ژووری تاکەکەسییی زیندان، ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی خراپی نێو زیندان، پێڕانەگەیشتنی پزیشکی، شکاندنی کەلوپەلی شەخسی و دەستبەسەردا گرتنی تێچووی دەرمانی زیندانیان بووەو هەروەها هۆکاری راگواستنی ٢ زیندانیی دیکەش ناروون بووە.

هەروەها ٣ زیندانیی عەقیدەتی و ٢ زیندانیی سیاسی بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە رێگری کردنیان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و هێنانەگۆڕێی پرسی سیاسی لە زینداندا بە توندی بەرەوڕووی لێدان بوونەتەوە.

لێدان و سووکایەتی کردن بە زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە گرینگترین حاڵەتەکان بوون کە ئەحمەد شەهید لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا ئاماژەی پێکردووە و نیگەرانیی خۆی لە بارودۆخی مافی مرۆڤ و لێدانی زیندانیانی سیاسی لە ئێراندا دەربڕیوە.

حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە پەیونەدی لەگەڵ خوێندکاران:

خوێندکارێکی کورد بە تۆمەتی \"بڵاوکردنەوەی درۆ و بوختان\" لە تیرمێکی خوێندن بیبەری کران، ٣ خویندکاری کچ بە بیانووی \"بەد حیجابی\"یەوە لە خەوتنگەی زانکۆ دەرکران و مامۆستایەکی کوردی زانکۆش بەهۆی لەبەر کردنی جلوبەرگی کوردی لە زانکۆ دەرکرابوو.

مەرگی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ بەهۆی لێدانی دەرزیی هەڵە و منداڵێکی ٣ رۆژە، عاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بوونە.

ئەحمەد شەهید سەبارەت بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئیراندا لە راپۆرتی مانگی رەزبەری ئەمساڵیدا رایگەیاندبوو، کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا نە تەنیا باشتر نەبووە، بەڵکوو بەهۆی بۆچوونەکانی دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدی حەسەن رۆحانی و مەجلیسەوە، خراپتر بووە.

خشتەی (٢)
بیاڤی چالاکیی ئەو کەسانەی کە پیشێلکاریی مافی مرۆڤیان بەرامبەر کراوە (پاییزی ١٣٩٣)

\"23875.jpg\"

زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتیی کورد لەلایەن دەزگای قەزایی و ئەمنیەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە \"ئەمنیەتی\" لەقەڵەم دراون.

لەو بارەیەوە چالاکانی سیاسی، مەزهەبی، مەدەنی، سینفی و کرێکاریش بەهۆی چالاکی لە بەستێنەکانی مافئ مرۆڤ، ناڕەزایەتید ەربڕین و چالاکی لە تۆرە کۆمەلایەتییەکان \"تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\"یان دراوەتە پاڵ.

کارناسانی مافی مرۆڤی ریکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا و لە دانیشتنێکدا، دادگایی کردنی بێ هۆکاری زیندانیان، دادگایی کردن بەبێ ئامادەبوونی زیندانیان و بەبێ هەبوونی پارێزەر، بەتوندی رەخنەی لێگیرابوو.

خشتەی (٣)
ئەو ناوەندانەی دەستاین لە دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردییەکاندا هەبووە (پاییزی ٩٣)

\"23876.jpg\"

بەێی خشتەی (٣)، ژمارەی ٢١٨ حاڵەتی دەستبەسەر کردن لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و ٢٥ حاڵەتیش لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە بووە، کە لە کۆی ئەو ٢١٨ حاڵەتە، ١٥١ عاڵەتیان بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی پشتیوانی کردن لە کۆبانی بووە.

لەکۆی ٦٧ حاڵەتی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، لە سەدا ٦٠یان چارەنووسیان ناڕوون بووە و لە سەدا ٤٠ کەسیان ماڵەکانیان پشکێندراوە.

چاوەدێری مافی مرۆڤ لە نوێترین راپۆرتیدا بڵاوی کردەوە، کە دەیان کەس تەنیا بەهۆی بەکارهێنانی مافە سەرەتاییەکانیانەوە لەلایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی دەقی بڕیارنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، بێسەروشوێن کردنی بە هۆکاری ئاستەنگ دروست کردن بۆ بەدواداچوون و هەروەها بەناڕوونی هێشتنەوەی چارەنووسیان لە قەڵەم داوە.

\"23846.jpg\"
چاوەدێری مافی مرۆڤ لە نوێترین راپۆرتیدا بڵاوی کردەوە، کە دەیان کەس تەنیا بەهۆی بەکارهێنانی مافە سەرەتاییەکانیانەوە لەلایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.
بە تێڕوانینێک بۆ دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە نهێنی هێشتنەوەی شوێنی راگرتنی هاوولاتییان بە سێ مەبەستی تایبەتی ئەنجام ئەدرێت:

١- شاردنەوەی هەواڵی گیان لەدەست دانی کەسانی دەستبەسەر کراو، کە ئەگەر بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەست دا.

٢- رێگری کردن لە گەڕان بەدوای چارەنووسی کەسی دەستبەسەرکراودا و دواتریش رەت کردنەوەی هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئەو کەسە، کە بە مەبەستی دەستپێڕانەگەیشتنی کەسی دەستبەسەرکراو بە پشتیونایی یاسایی و دۆزینەوەی راستییەکان.

٣- پێکهێنانی دۆخی ترس بۆ دانپێدانانی ناچاری و تۆمەت وەپاڵدان، کە بەگشتی لە ماوەی زەمنەییەکی کورتدا ئەنجام ئەدرێت.

حکوومەتی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٦ی زایینییەوە بڕیارنامەی نیونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی\" پەسند کردووە و بەپێی بەندی ٢ی ماددی ٩ی ئەو بڕیارنامەیە، هەر کەسێک دەستبەسەر کرا، دەبێ لەکاتی دەستبەسەرکرانیدا لە هۆکاری دەستبەسەرکرانەکەی ئاگادار بکرێتەوە.

لەو کاتەوەی عەلی خامنەیی بۆتە رێبەری حکوومەتی ئیسلامی، ژمارەی ناوەندە ئەمنییەکان لە ٥ دانەوە بۆ ١٥ ناوەند زیادی کردووە.

خشتەی (٤)
شێوازی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران و هاوولاتییانی مەدەنی لە ناوچە کوردییەکان (پاییزی ٩٣)

\"23877.jpg\"

بەپێی خشتەی (٤) سەرجەم حاڵەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران و هاووڵاتییانی مەدەنی بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانەوە بووە.

فەتحوڵڵا زەمانیان، بەرپرسی پۆلیسی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ کاڵای قاچاخ و پۆلیسی ئاگاهیی هێزە ئینتزامییەکانی ئێرانەوە لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا رایگەیاندبوو: \" بەهۆی گوێنەدانی کۆڵبەران بە هۆشداریی هیزە چەکدارەکان، لە خاڵە سنوورییەکان تەقەیان لێ دەکرێ و دەکوژرێن\".

بەگوتەی کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو کەسەی گومانی لێ دەکرێ، دەبێ سەرەتا بە دەنگ ئاگادار بکرێتە و پاشان تیری هەوایی بتەقێنن و لە کۆتاییشدا لە پشتێنە بەرەوخوار تەقەی لێ بکرێت.

هەروەها بەپێی بەندی ئەلف ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەرچی کەلووپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ ملیۆن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلووپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵی دەگرن لەو ئەندازەیە کەمتر کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنی اکەلووپەلەکانیان زەوت بکرێت.

بە گوتەی ساڵح نیکبەخت، تێکرای دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانەی کەلەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە تەقەیان لێکراوە، لە دادگاکاندا بێ ئەنجام ماونەتەوە، چونکە هێزە چەکدارەکان بە پاساوی ئەویەکە سەرەتا ئاگادارمان کردۆتەوە، دواتر بە دەنگی بەرز بانگمان کردووەو پاشان تەقەی هەواییمان لێکردووە، لە سزا بێبەری دەبن.

\"23847.jpg\"
ساڵح نیکبەخت: ئەگەر ئەم تێبینی و ماددە یاساییانە لەبەر چاو نەگیرێن، حاڵەتی کوشتنەکە دەبێتە، ئەنقەست (عەمد) و دەبێ بکوژەکە بەپێی یاسا قەساس بکرێت، کە حوکمەکەی سێدارە دەبێت
بەگوتەی ئەو پارێزەرە کوردە،ئەگەر لە کەمەر بەرەو خوار کەسەکەیان نەپێکابێت، دەڵێن: چونکە مەوداکەی دوور بووە بۆمان تەشخیس نەدراوەو لە ئەنجامدا گولـلەکە بەر شوێنی کاریگەری کەوتووەو گیانی لەدەست داوە و بەم هۆیەوە سزای دادگا نایانگرێتەوە.

ئەو پارێزەرە یاسازانە نێونەتەوەییە گوتووشیەتی، ئەگەر کەسێک ماشێنی پی بێت، دەبێ لە سەرەتادا تەقە لە تەگەری ماشێنەکە بکرێت، کە ئەمە دەبێتە هۆی راوەستانی ماشێنەکەو لە ئەنجامدا گرتنی شۆفیرەکە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هیچکام لە ماددە یاساییەکان رەچاو ناکرێت و لە یەکەم حاڵەتدا تەقە لە شۆفیرەکان دەکەن.

نیکبەخت سەبارەت بە مەرگی کۆڵبەران و ئەنجامی یاسایی دۆسیەی کوژرانی کۆڵبەران لە دادگاکاندا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندبوو؛ ئەگەر ئەم تێبینی و ماددە یاساییانە لەبەر چاو نەگیرێن، حاڵەتی کوشتنەکە دەبێتە، ئەنقەست (عەمد) و دەبێ بکوژەکە بەپێی یاسا قەساس بکرێت، کە حوکمەکەی سێدارە دەبێت.

بەگوتەی نیکبەخت، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، تێکڕای حاڵەتی کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکاران بەشێوە ئەنقەست (شبە عمد) و غەیرە ئەنقەست (غیر عمد) لە قەڵەم دراون.

ئەعمەد شەهید راپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت کوژرانی کۆلبەرانی سەرسنووری بە \"کوشتنی سەرەوەتر لە دەسەڵاتی دەزگای قەزایی\" لە قەڵەم دابووم کە نیگەرانیی قووڵی خۆی لەو پەیونەدییەدا دەربڕیبووو. ناوبرا پێشتریش باسی لە دۆخی نالەبار و دژواری کۆڵبەرانی سەرسنوور و \"کوشتاری سیستماتیک\"ی ئەو کۆڵبەرانە کردبوو.

خشتەی (٥)
هۆکاری مانگرتنی زیندانیانی سیایسی کورد لە زیندانەکانی ئێراندا (وەرزی پاییزی ٩٣)

\"23878.jpg\"

بەپێی خشتەی (٥)، پێشێلکاریی مافی سەرەتایی زیندانیان و پێڕانەگەیشتن بە دۆخی زیندانیان هۆکاری مانگرتنی سەرجەم زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانەکاندا بووە.

رۆژی پێنج‌شەممە ریکەوتی ٢٩ی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ (١٣٩٣)ی هەتاوی، ٢٨ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی خراپی نێو زیندان، نەبوونی ئیمکانات، پێرانەگەیشتن بە نەخۆشییەکانیان و هەروەها هەڵسووکەوتی نەشیاری مەئمووران و بەرپرسانی زیندان لەگەڵ کەسووکاری زیندانیانی سیاسیی کورد، مانیان لە خواردن گرت، کە لە رۆژی ٢٥ی ئەو مانگرتنە ٣٣ رۆژەوە، چوار کەسیان مانگرتنی وشکیان راگەیاند.

لەو ماوەیەدا ١٣ کەسیان بەهۆی تێکچوونی ابری تەندروستییانەوە گوارانەوە بۆ بێهداریی نێو زیندان، بەڵام ئامادە نەبوون، مانگرتنەکەیان بشکینن.

\"23849.jpg\"
زیندانیانی سیاسیی ئێران، ئەندام و لایەنگری حیزبە سیاسییەکان، وێبلاگنووسان، رۆژنامەنووسان، چالاکانی کرێکاری و کەمینە نەتەوەییەکان لە خۆ دەگرێت
بۆ پشتیونای لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، ٢١ ریکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری بەدواداچوونی بەرپرسان بە خواستی زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتوودا بوون.

هاوکات چالاکانی مافی مرۆڤ، خوێندکاری و سیاسیی کورد بۆ پشتیونای لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ورمێ، بانگەوازێکیان بڵاو کردەوە، رۆژی یەکی بەفرانباریان وەکوو رۆژی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستاندا راگەیاند.

زیندانیانی سیاسیی ئێران، ئەندام و لایەنگری حیزبە سیاسییەکان، وێبلاگنووسان، رۆژنامەنووسان، چالاکانی کرێکاری و کەمینە نەتەوەییەکان لە خۆ دەگرێت، کە بە کۆمەڵێک تۆمەتی زۆر ناڕوون کە لەلایەن حکوموەتی ئیسلامییەوە دراوەتە پاڵیان، مەحکووم و زیدنانی کراون.

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی لە کاتی دادگایی کرانیاندا پاریزەریان نەبووەو زۆربەیان پاش ئەوەی دەستبەسەر کراون، بۆ ماوەی چەندین مانگ و بەبێ لێپرسینەوە، لە ژوورە تاکە کەسییەکانی ئیدارەکانی ئیتلاعاتدا بوون و ئەشکەنجە کراون.

بڕیارنامەی ١٠ی ژانویەی سالی ٢٠١٤ی زایینیی یەکیەتیی ئورووپا پێیوایە، مەنشووری مافی هاووڵاتی بوون کە عەسەن رۆحانی باسی لێوە دەکات، دەبێ لەگەڵ بەڵێننامە نیونەتەوەییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ هەڵاواردن، مافی ژیان، بانگەشە کردن، نەهێشتنی ئەشکەنجە، ئازادیی مەزهەب و باوەڕ، ئازادیی را دەربڕین، یەک بگرێتەوە.

بەکارهێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوە، رێگە پێدراوە.

ئا: کۆچ