کوردپا: ١٧٩٠ حاڵەتی پێشێکاری مافی مرۆیی لە ساڵی ٩٧ی لە کوردستانی ئێراندا، ڕوویداوە

14:35 - 15 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە حەوتەمین ساڵی کاریی خۆیدا، لە ڕاپۆرتێکی شیکاری ـ ئاماریدا باسی لە سەر ڕێژە و چۆنیەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران کە تایبەت بە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوییە دەکات.

ئەم ڕاپۆرتە بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە و بەشێوەی ڕێژەیی و سەدی دەبێت.

بەپێی ئەم ئامارە، لە ساڵی ٩٧، کۆی گشتیی ١٧٩٠ حاڵەتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران ڕوویداوە و ئەم ئامارە لە ساڵەکانی ٩١،٩٢،٩٣، ٩٤، ٩٥، ٩٧ بەڕیزەوە ١٠٢٦، ١٥٥٠، ١٥٧٢، ١٣٥٥، ١٢٩٠و ٣١٦٦ حاڵەتی پێشێکاری مافی مرۆڤ بووە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەو ئامارانە بەڵگەمەندن و له سەرچاوەی بەهێز و باوەڕپێکراوەوە وەرگیراوە.

دەسبەسەر کردن

لە ساڵی ٩٧ی هەتاوی، ٦٥٢ هاووڵاتیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەسبەسەرکراون و زۆربەی ئەم دەسبەسەر کراوانە بە تۆمەتی ناڕوون لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕوانگەی \"ئەمنییەتیی_سیاسی\" دەسبەسەر و سەرەڕای ئەوەش لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان، ژمارەیەکی دیکەی خەڵک لە کوردستان دەسبەسەر کراون کە بەم چەشنەیە: دەسبەسەر کردنی ١٧ هاووڵاتی لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ساڵی ٩٧، ٥٣ هاووڵاتی لە ڕەوتی ناڕەزایەتی و مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان، ١٧ کەس لە ڕەوتی مانگرتنی بازاڕیانی شاری بانە، ٤ کەس لە ڕەوتی مانگرتنی کامیۆنداران، ٥ کەس لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی تایبەتی \"خێوەندوان\"، ٨ کەس لە ڕەوتی پشتیوانی لە کەمپینی ڕامین حوسێن‌پەناهی، ٥٥ کەس لە کۆڵبەران، ١٠ کەس لە ڕەوتی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە داخستنی سنوورەکانی کوردستان، ٥ کەس بە هۆی پاشماوەی زبڵ و خاشاک لە شاری مەریوان، ١٧ کەس بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە دەر‌هێنانی کان لە شاری ورمێ، ١٦ کەس لە ڕەوتی شەڕو تێکەڵجوونی هێزە نیزامییەکان لە کوردستانی ئێران و هەروەها ٣٣ کەسی دیکە بە شێوەی گرووپی بە هۆی ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان، دەسبەسەر کراون.

هەروەها، چوار کەس لە ڕەوتی مانگرتنی مامۆستایان دەسبەسەر و ژمارەیەکی زۆر لە ماۆستایان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون. لە ماوەی ساڵی ٩٧، مانگرتنی مامۆستایان و فەرهەنگییان لە شارەکانی سەقز، مەریوان، سنە، کرماشان، پاوە، نۆدشە، سەوڵاوا، کامیاران، دیواندەرە، قورووە و ورمێ درێژەی هەبووە کە دەسبەسەر کردن، بانگهێشت و هەڕەشەی مامۆستایانی بەدواوە بووە.

دەوترێ، ئیدارەی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سنە لە چەندین حاڵەتدا، هەوڵی دەسبەسەر کردنی بەربڵاوی ٢٤ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی و ئەندامی شاخەی کوردستانی حیزب وەحدەت نەتەوەیی کردووە.

چالاکانی دەسبەسەرکراوەکان بریتین لە: ٩ خوێندکار، ٢١ چاڵاکی مەدەنی، ٥٦ کۆڵبەر، ١٢ کاسبکار، ١٠ بازاری، ١٤ چالاکی کرێکار، ٢٣ چالاکی ژینگەپارێزی، ٩ مامۆستا، ١ چالاکی ژنان، ٣ گۆرانی‌بێژ، ٣ چالاکی سیاسی، ١ لێکۆڵەر، ٢١ چالاکی مەزهەبی، ١ مامۆستا زانکۆ، ١ چالاکی تێلگرامی، ١ چالاکی کۆمەڵایەتی، ١ هاووڵاتی هەواڵنێر، ٢ شۆرای گوند، ١ هاووڵاتی بەهایی، ٤ ڕۆژنامەنووس، ٥ چالاکی فەرهەنگی، ١ وێنەگر، ١ کۆمەڵناس، ١ نەقاش، ا هاووڵاتی یارسانی، ٣ پارێزەر، ٢ پێشمەرگەی حیزبە کوردییەکان، ٢ بنەماڵەی چالاکی سیاسی، ٣ بنەماڵەی چالاکی مەدەنی، ١ بنەماڵەی چالاکی کرێکاری و ١ بنەماڵەی ڕۆژنامەنووس.

هەروەها، لە ساڵی ٩٧، ٧ چالاک بە تایبەتی : ١ هونەرمەند، ١ پارێزەر، ١ چالاکی سیاسی، ١ چالاکی میدیایی و نازدار حەق‌پەرەست، هاوژینی شەریف باجوەر، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانەوە، هەڕەشەیان لێکراوە.

بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعات:

لە ساڵی ٩٧، بە گشتیی ١٤٥ کەس بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون بە تۆمەتگەڵێکی وەک : بەڕێوەچوون و بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز، بەڕێوەچوون و بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکاران، پشتیوانی لە مانگرتنی سەرتاسەری کوردستان، مانگرتنی فەرهەنگییان بە گشتیی چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆیی بە تۆمەتی ئەمنییەتیی. (١٦ چالاکی مەدەنی، ١٩ مامۆستا، ١٤ چالاکی کرێکاری، ٢ ڕۆژنامەنووس، ٣ بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی، ا هونەرمەند، ٦ بنەماڵەی چالاکی سیاسی، ١ بنەماڵەی چالاکی کرێکاری، ٣ چالاکی فەرهەنگی، ١ چالاکی خوێندکاری، ە٣ چالاکی ژینگەپارێزی، ٨ کەس لە ئەندامانی وەحدەتی میللی، ١ چالاکی ژنان، ١ یاریزانی تیمی ئیستقلال و ١چالاکی مەزهەبی بوون).

هەرەها لە کۆتاییەکانی ساڵی ٩٧، لە بەرەبەری ڕێوڕەسمی نەورۆزی ساڵی ٩٨، ٣٥ لاوی خەڵکی گوندی \"نێ\"ی مەریوان بە کۆمەڵ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت کرابوون.

بانگهێشت بۆ دادگا:

لە ماوەی ساڵی ٩٧، ٣٤ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بانگهێشتی دادگاکانی حکوومەتی ئێران کراون، بە تۆمەتگەلی وەک؛ بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆز، بەشداری لە ڕۆژی جیهانی کرێکاران، تێکدانی بیروڕای گشتیی، هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی، پڕوپاگەندە دژی نیزام و ڕەخنە لە ڕێبەری نیزام، وتووێژکردن لەگەڵ هەواڵدەرییەکانی دەرەوەی وڵات و پشتیوانی لە بازاڕیانی مانگرتووی شاری بانە.(٦ چالاکی مەدەنی، ٤ ڕۆژنامەنووس، ٣ پاریزەری دادگوستەری، ٩ چالاکی کرێکاری، ١ چالاکی تێلگرامی، ٢ مامۆستا، ١ چیرۆکنووس و ٤ چالاکی مەزهەبی).

مەحکووم بە زیندان:

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: ١٥٣ هاووڵاتی بە گشتیی بە تۆمەتی سیاسی \"ئەمنییەتیی\"، لە لایەن دادگاکانی ئینقلابی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، سەرجەم بە ٣٦٧ ساڵ و ١٠ مانگ و ١٨٨ ڕۆژ زیندانی تەعزیری، ٨ ساڵ زیندان تەعلیقی، ١٥٩٦ زەربە لێدانی قامچی، دووخرانەوە .... هەتا دوایی، مەحکووم کراون.

ئێعدام لە کوردستان:

لە ساڵی ٩٧، ٥٥ هاووڵاتی لە کوردستان ئێعدام کراون و ١٠ هاووڵاتی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کراون.

هەروەها لە ساڵی ٩٧، ٦ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زانیار مورادی، لوقمان مورادی، کەماڵ ئەحمەدنژاد، ناسر عزیزی و ئەحەد شەباب، ئێعدام کراون و ٢ زیندانی سیاسی دیکە بە ناوەکانی ئەرسەلان خودکام و مەحیەدین ئیبراهیمی، بە ئێعدام مەحکووم کراون، کە حوکمی ئەم دوو زیندانییە سیاسیە کوردە، هەتا کاتی نادیار دواخراوە.

هەروەها، ٨ زیندانی سوننی مەزهەبی کورد بە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە گرووپی داعش و هێرش بۆ سەر بینای مەجلیس لە مانگی جۆزەردان\"، ئێعدام کراون و هەروەها و زیندانییەکی سوننی مەزهەبی دیکە بە ناوی کامران شێخە نە ئێعدام مەحکووم کراوە.

زیندانییانی دیکە کە حوکمی لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپاوە، بە تۆمەتگەلی \"کوشتن بە ئەنقەست (٣٧)کەس، مادەی هۆشبەر(٤)کەس، گەندەی ئابووری (١)کەس.

هەروەها، ٧ زیندانی دیکە بە تۆمەتگەکێکی وەک: کوشتن (٤)کەس، زینا (٢)کەس، کەسێکی دیکە بە تۆمەتی هێرش بۆ سەر گۆڕی خومەینی و بینا مەجلیس بە ئێعدام مەحکووم کراون.

چوار کەس لەو ئامارە بە تایبەتی دوو کەس لە ئێعدام کراوەکان، ژن بوون بە ناوەکانی (زەینەب سکاوەند و شەرارە ئەلیاسی) و دوو ژنی دیکە کە بە ئێعدام مەحکووم کراون بە ناوەکانی (زەهرا دەرخشانی و گوڵستان جینکانلو)،
بوون.

زەینەب سکاوەند لە کاتی دەسبەسەریدا، تەمەنی لە ژێرەوەی ١٨ ساڵ بووە و هەروەها یەکێکی هاووڵاتییەکی دیکە کە بە ئێعدام مەحکووم کراوە لە کاتی تاواندا، تەمەنی لە ژێرەوەی ١٨ ساڵ بووە.

تەقینەوەی مین لە کوردستان:

لە ساڵی ٩٧، لە کۆی ٥٤ هاووڵاتی کورد کە بە هۆی تەقینەوەی مین کوژرا و بریندار بوون، تەمەن دوو کەس لە قوربانیانی مین، لە ژێرەوەی ١٨ ساڵ بووە.
هەروەها، سێ سەرباز بە تەقینەوەی مین لە کوردستان کوژرا و بریندار بوون و لە کۆی ئەو ٥٤ کەس، چوار ژنیش لە نێو کوژرا و برینداربووان، بەرچاو دەکەوێت.

مانگرتنی زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی:

لە ساڵی ٩٧، ٢٣ زیندانی_١٨ زیندانی سیاسیی و ٥ زیندانی عەقیدەتی بە هۆی هەڵسووکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی زیندان، دۆخی خرابی جیسمانی و پێرانەگێشتنی پزیشکی لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە و دۆسیەسازی بۆ زیندانییان، دەستیان بە مانگرتن کردووە.

هەروەها، ٧١ زیندانی سیاسی_عەقیدەتی، بە شێوەی گرووپی لە زیندانی ورمێ، بە هۆی لێدان و ئازار و ئەشکەنجەوە، لە لایەن مەئموورانی زیندان، دەستیان بە مانگرتن کردووە.

ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییان:

٥٧٩ کەسی دەسبەسەر کراوە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، چارەنووسیان ناڕوونە و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی ٥٣٢ کەسیان نادیارە.

هەروەها ماڵی ١٣٨ هاووڵاتی کورد لە کاتی دەسبەسەریدا، لە لایەن مەئموورانی قەزاییە و ئەمنییەتییەوە پێشکێنراون و کەرەستەی شەخسی ٤٠ هاووڵاتی دەسبەسەکراو، دەستی بە سەردا گیراوە و هەروەها ٢٦ کەسی دیکە لە کاتی دەسبەریدا، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراون.

کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران:

لە ساڵی ٩٧، ١٧٧ کۆڵبەری بە تەقەی هێزە نیزامییەکان، کوژرا و برینداربوون. ٢٥ کۆڵبەری کورد بە تەقینەوە مین بووتە قوربانی، ڕادوونانی هێزە نیزامییەکان ٢٢ کۆڵبەر، سەرمابردوو ١٤کۆڵبەر، جەڵتەی دڵ ٤ کۆڵبەر، لێدانی کۆڵبەرانی لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتییەوە ٢ کۆڵبەر، کەوتنە ناو ڕووبار لە کاتی کۆڵبەری ٣ کۆڵبەر، داکەوتنی بار بە سەر کۆڵبەران ١ کۆڵبەر، بێسەروشوێن بوون ٣ کۆڵبەر و کوژران و برینداربوون بە هاتوچۆ ماشین ١٤ کۆڵبەر، کە سەرجەم ٢٦٥ کۆڵبەری کورد، لە ساڵی ڕابردوو، بوونەتە قوربانی.

ئەم ئامارە بە پشتبەستن بەئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تۆمار کراوە.

کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی مەدەنیی بە تەقەی هێزە نیزامییەکان:

لە ساڵی ٩٧، ٣٠ هاووڵاتی مەدەنیی لە جادەکانی کوردستان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ لە لایەن ‌هێزە نیزامییەکانەوە، دراونەتە بەردەسڕێژی گوللە ولە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکان، ١٢ کوژراو و١٨ برینداری لێکەوتووەتەوە.

هەروەها، ١٤هاووڵاتی کورد لە شوێنە جیاجیاکاندا، بوونەتە تەقەی هێزە نیزامییەکان، بە تایبەتی ٧ هاووڵاتی، ٤ کوژرا و ٣ بریندار لە ناوچە سنوورییەکان، لە کاتی کۆکردنەوەی گیای بەهاری و هەروەها هاووڵاتییەک بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە ناو شارە دا، کوژرا و تەقەکردن لە هاووڵاتییان بە هۆی دەمەقاڵێ ١ کوژرا و ٢ برینداری لێکەوتووەتەوە و هەروەها لە کاتی دەسبەسەریدا، هاووڵاتییەک بە تەقەی هێزە نیزامییەکان، بریندار ببوو.

لە ساڵی ٩٧، چوار چاڵاکی مەدەنیی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپووشی، ڕەحمەت حکیمی‌نیا و محەممەد پەژوهی\" لە کاتی ئاگرکوژراندنەوەی دارستانەکانی زاگرۆس بە شێوەی گومانئاوی گیانی لە دەست دا.

لە هەمان ساڵدا، ٧٣ چالاکی مەدەنیی و ئەندامی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران لە ناو و دەرەوەی ئێران لە لایەن هێزە نیزامییەکان، دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی و مووشکباران و تۆپباران و شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ هێزە چاڵاکانی مەدەنیی و ئەندامانی حیزبە کوردییەکان گیانیان لە دەسداوە و یان بریندار بوون.