کورد و هەڵبژاردنەکانی ٧ی ڕەشەمە(١)

19:44 - 1 رەشەمه 2715

 

لە کۆتایی ئەم حەوتووییە، پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی مەجلێسی خوبرەگانی ڕێبەری و خولی دەیەمی مەجلێسی شوڕای ئیسلامی لە ئێران بەڕێوە دەچێت. تاکوو ئێستا هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە دەرکردنی ڕاگەیەندراو، هەڵوێستیان لەمەڕ هەو پڕۆسەی دەربڕیوە کە زۆربەی ئەو ڕێکخراوانە ڕاستەخۆ سیاسەتی بایکۆت و داواکاری نەچوون بۆ سەندووقی دەنگدانیان لە خەڵک کردووە.
لە حەوتووی کۆتایی ئەم هەڵبژاردنانەدا، ئاژانسی کوردپا کۆمەڵێک وتووێژی لەگەڵ کەسایەتی سیاسی پێکهێناوە کە تا ڕۆژی هەینی هەموو ڕۆژێک ڕوانگەی گشتیی ئەو کەسانە لەبارەی هەڵبژاردنەکان بڵاودەکرێتەوە.

یەکەم وتووێژ لەگەڵ مەجید حەقی، چالاکی سیاسی دانیشتووی فینلاند ــە.

کوردپا: لێپرسراوانی سیاسی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ئەو قسەیە دووپات دەکەنەوە کە هیچ کەس و لایەنێک لە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان قازانجی نەکردووە. ڕای ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
مەجید حەقی: هەڵبژاردن لە ئێراندای کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە بنەڕەتدا وەک ئەرکێکی ئایینی بۆ دانیشتووانی ئێران لەبەرچاو گیراوە تا بەپێی بنەماکانی حکوومەتی ئیسلامی لە گەڵ دەسەڵاتداری ئیسلام واتە \"وەلی فەقیهـ\" بەیعەت نوێ بکەنەوە. نوێکردنەوەی بەیعەت بەشێک لە نەریتی حکوومەتی ئیسلامی سەردەمی دەسەڵاتی خەلیفە و ئیمامان بووە و ئەمەش لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا بەشێوەیەکی ئەمرۆیی پۆشێندراون. هۆی ئەوەی کە کاندیداکان لە لایەن شوڕای نیگەهبانەوە گوڵبژێر دەکرێن و دەبێ پێوانەکانی ڕێبەری ئیسلامی ڕەچاوبکەن کاناڵیزە کردنی ئەو بەیعەتەیە. بایکۆت یان نەچوون بۆ سەر سندووقی دەنگ لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیەوە خۆلادان لە بەیعەت لەگەڵ ڕێبەری ئیسلامیە و بۆیە بایکۆتکاران لە ڕاستیدا سزا دەدرێن. لە ناسنامەی خەڵکی ئێراندا دوو لاپەڕە هەن کە تایبەت بە هەڵبژاردنەکانن.

\"29584.jpg\"

 

مەجید حەقی، چالاکی سیاسی

هەر هەڵبژاردنێک دەکرێت خشتەیەکی ئەو دوو ڵاپەرەیە مۆر دەکرێت و بە پێی ئەوەکە شارۆمەند لە دەنگدانەکاندا بەشداری نەکردووە سزا دەدرێت و لە بەشێک یان هەموو خزمەتگوزاریەکانی گشتی و مافەکانی شارۆمەندی بێ بەش دەکرێت. لەو ڕووەوە قسەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ ئەوەیکە ئەوانەی کە دەنگدانیان بایکۆت کردووە قازانج نەکردووە ڕاستە.

بایکۆت کاتێک دەتوانێت کاریگەر بێت کە بتوانێت شوێندانەر بێت لە سەر ڕەفتار و سیاسەتەکانی دەسەڵاتی سیاسی. لە وڵاتێکی دیکتاتۆرلێدراو بایکۆت کردن نەتەنیا ڕەفتاری ڕێژیمەکان ناگۆرێت بەڵکوو دەبێتە هۆی \"تاکەکەسی\"کردنی پرسی بەشداری نەکردن. لەو ڕووەوە کاتی ئەوە هاتووە پرۆسەی دەنگدان نەک خودی دەنگدانەکە بکرێتە هەلێک بۆ ڕێکخستنی دەنگە نارازییەکان بە شێوازێکی دیکەوە و بایکۆتی ئەکتیڤ جێی بایکۆت \"پاسیڤ\" بکرێت. مەبەست لە بایکۆتی ئەکتیڤ ئەوە کە ئێمە بتوانین دەنگەکان بەشێوەکەی ڕێبەری بکەین کە سندووقی دەنگدان ببێتە مەیدانی خۆپێشاندانی مەدەنی و دەنگی ناڕەزایەتی و دژایەتی دژی کۆماری ئیسلامی. بەوە دەنگی ناڕەزایەتی خەلک لە ڕێگای سندووقەکانیشەوە بە گوێی کاربەدەستانی ڕێژیم دەگات و نیگەرانیەکانی ئەو ڕێژیمە زیاتر بکات.

کوردپا: وڵاتانی ڕۆژئاوایی چ تێگەیشتنێکیان بۆ ڕووداوێکی ناوخۆی ئێران وەکی هەڵبژاردنی ڕەشەمەی ئەوساڵ هەیە؟
مەجید حەقی: وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە گشتی هەڵبژاردن وەک یەکێک لە پێوانەکانی دێموکراتیک دەبینن و بە بڕوای ئەوان \"ئاستی دێموکراسی\" شتێکی ڕێژەییە و بۆیە هەڵبژاردن لە ئێراندا بەشتێکی چاک دەزانن. ئەوان ئاگاداری سیستەمی سیاسی ئێران هەن بەڵام لە لای ئەوانەوە گرینگترین شت هاتنە سەرکاری حکوومەتێکە کە بتوانێت پێوەندییەکانی ئابووری و دیپلۆماتیکی ئێران لەگەڵ ئەوان مسۆگەر بکات. لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی ٢٢ی ژانویەوە (٢ ڕێبەندان) لە تەلەڤیزیۆنی CNN ئامریکادا بڵاو کرایەوە، گرینگترین ڕەخنە و نیگەرانی ڕاپۆرتەکە پەسەندنەکرانی \"ئیسلاحە تەڵەبەکان\" و لایەنگرانی هاشمی رەفسەنجانی بوو. ڕۆژئاواییەکان دەزانن کە مەجلیسی ئێران ناتوانێت بۆخۆی یاسا پەسەند بکات بەڵام دەتوانێت لە سەر سیاسەتی ئابووری حکوومەت شوێندانەر بێت، بۆیە بۆیان گرنگە لایەنگرانی پێوەندی ئابووری ئازاد و مۆدێرات لە پەرلەماندا دەنگ بێننەوە. چونکە لە ئێراندا هیچکام لە نۆرمەکانی دێموکراتیکی خۆکاندیدکردن و دەنگدان و چاوەدێری بەسەر هەلبژاردنی دەنگەکان و ئاکامەکانی ڕەچاو ناکرێت.

لە ڕوانگەی میدیاکانی ڕۆژئاوا، هەڵبژاردنی ئەمجارەی \"مەجلیسی خوبرەگان\" بۆیە گرینگە، چونکە لە هەگەری مردنی ئایەتوڵلا خامەنەیی، لایەنگرانی جیناحە جیاوازەکانی ڕێژێم دەکەونە رکەبەریەکی راستی بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی ڕەهای خۆیان لە ڕێگای هەڵبژاردنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.