٦ کورد بوونە پارلەمانتاری وڵاتی سوید

12:22 - 13 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لە دوایین هەڵبژاردنی پارلامانیی وڵاتی سوید، ٣٤٩ کەس بۆ ئەندامی پارلەمانی ئەو وڵاتە دیاری کران کە ٦ کەسیان کورد بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، هاوکات لەگەڵ کۆتایی هاتنی ژماردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پارلەمانی وڵاتی سوید، ٩ کەسی ئێرانی، کە دوو کەسیان کورد و ئەندامی حیزبە سەوز و سوورەکانی وڵاتی سوید بوون، چوونە پارلەمانی ئەو وڵاتە.

\"22434.jpg\"
شادیە حەیدەری
هاوکات لەگەڵ ژماردنی زیاتر لە سەدا ٩٩ی دەنگەکان، حیزبەکانی سۆسیال دێمۆکرات، سەوز و چەپەکان توانیان ١٥٩ کورسیی پارلەمان بەدەست بێنن.

ئەو کوردانەی کە بۆ ئەندامی پارلەمان هەڵبژێردراون، شادیە حەیدەری ئەندامی حیزبی سۆسیال دێمۆکرات و ئامینە کاکە باوە ئەندامی حیزبی چەپی ئەو وڵاتە بوون.

پێشتر بڵاوکرایەوە، ٦١ کەسی ئێرانی کە سێ کەسیان کورد بوون لەو هەڵبژاردنانەدا بەشداری دەکەن.

\"22435.jpg\"
ئامینە کاکە باوە
بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، هەنووکە ٦ هاووڵاتیی کورد چوونەتە پارلەمانی سوید.

جەبار ئەمین، لاوێن رێدار خەڵکی کوردستانی عێراق، رۆزا هێدین و سرکان کاسی خەڵکی کوردستانی تورکیا، ناوی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەی دیکەیە، کە بۆ پارلەمانی وڵاتی سوید هەڵبژێردراون.

ئامینە کاکە باوە، جەبار ئەمین و رۆزا هێدین راستەوخۆ چوونەتە پارلەمان و لاوین رێدار، شادیە حەیدەری و سرکان کاسی بە شێوەی یەدەکی چوونەتە پارلەمان.

\"22436.jpg\"
جەبار ئەمین، لاوین رێدار، رۆزا هێدین و سرکان کاسی
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی سیپتامبر لە وڵاتی سوید، بووە هۆی هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی ئیتلافیی دەستەراستیی ئەو وڵاتە و هەنووکە ئیستڤان لۆن رێبەری سۆسیال دێمۆکراتەکان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی داهاتوو راسپێردراوە.

دوابەدوای روونبوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرتاسەرییەکەی وڵاتی سوید، پارلەمانی سوید بووە لاوترین پارلەمانی مێژوو کە نێونجی تەمەنی پارلەمانتارانی ئەم خولەی هەڵبژاردنەکان ٤٥ ساڵە.

بەپێی بەراوردە نێونەتەوەییەکان، نێوننجی تەمەنی پارلەمانتاران لە جیهاندا، ٥٠ ساڵە.