کرێکاڕێکی کورد لە شاری کەنگاڤەر خۆی سووتاند

21:08 - 6 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە کرێکارانی یەکەی خەدەماتی شارەداریی شاری کەنگاڤەر لە پارێزگای کرماشان هەوڵی خۆسووتاندنی‌دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێرێک پێش لە ئیستا کرێکارێک لە بەرانبەر فەرمانداریی شاری کەنگاڤەر خۆی سووتاند.

هەوڵی خۆسووتاندنی ئەو کرێکارە بێ ئاکام بووە.

شوناسی ئەو کرێکارە ناڕوونە و ماڵپەڕەکانی پارێزگای کرماشان هۆکاری خۆسوتاندنی ئەو کرێکارەیان وەدواخستنی پارەی چوار مانگی ئەو کڕێکارە ناڕازییە ڕاگەیاندووە.

هەتا ئێستا وردەکارییەکانی ئەو ڕووداوە ڕوون نەبووتەوە.

هاووڵاتییانی ئاگادار لە شوێنی ڕووداوەکه پاش بینینی خۆکوژیی ئەو کرێکارە ناڕازییە، دەستبەجی پێشیان بە خۆسووتاندنی ئەو کرێکارە گرت.

زیاتر لە ١٥٠ کرێکار لە بەشە جۆراوجۆرەکانی شارەداریی شاری کەنگاڤەر بە شێوەی \"گرێبەستی کاتی\" خەریکی کار کردنن.

شاری کەنگاڤەر لە ٩٠ کیلۆمێتری ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشان هەڵکەوتووە.

لە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو، یەکێک لە کرێکارەکانی دەرکراوی کارگەی نیک ئەلیافی شاری دیواندەرە، بە هۆی دۆخی ناڵەباری ژیان و گوزەرانیەوە بە خواردنی دەرمان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لە ساڵی ڕابردووشدا، کڕیکارانی تەڵای ئاق دەڕە لە شاری میاندوئاو و کرێکارانی نەخۆشخانەی تاڵقانی شاری کرماشان هەوڵی خۆسووتاندنیان دا.

بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان؛ لە سەدا ٩٣ی کرێکاران بە شێوەی گریبەستی کاتی کار دەکەن و بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان ڕۆژبەڕۆژ بەرە و خراپ بوون دەچێت.